ئیدارەی خۆسەر لەبارەی كۆنفرانسەكەی حەسەكەوە وەڵامی توندی دیمەشق دەداتەوە

کوردستان

10/08/2025‌ 2309 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 شارپرێس - كەنداڵ جودی:

بەدران چیا كورد جێگری هاوسەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكاری ئیدارەی خۆسەری دیموكراتی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا  لەبارەی كۆنفرانسەكەی حەسەكەوە وەڵامی توندی دیمەشق دەداتەوە و دەڵێـت: حكومەتی كاتی دیمەشق بە هەڵە حوكم لەسەر واقیعی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەموو سوریا دەدات، چونكە هەموو پێكهاتەكانی تر جگە لە خۆی وەك هەڕەشەیەك بۆ سەر یەكێتی سوریا دەبینێت. 

بەدران چیا كورد لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ شارپرێس كە ئەمشەو دەقەكەی بڵاودەكرێتەوە، رایگەیاند: حكومەتی دیمەشق زۆر لایەن تۆمەتبار دەكات بەوەی پەیوەندیان لەگەڵ دنیای دەرەوە هەیە، ئەم تێڕوانین و عەقڵیەتەی حكومەتی دیمەشق بۆ پێكهاتەكان هەڵەیە. حكومەتی كاتی دیمەشق پێویستی بە بینین و قبوڵكردنی هەموو ئەو پێكهاتە و ئایینانە هەیە و كۆیان بكاتەوە و گفتوگۆیان لەگەڵ بكەن، بەڵام حكومەتی دیمەشق ئەم كارە ناكات.

چیا كورد راشیگەیاند "لە كۆبوونەوەی حەسەكە، پێكهاتەكان یەكگرتوویی خاكی سوریا و چارەسەرێكیان پشتڕاستكردەوە كە لەگەڵ هەموو پێكهاتەكاندا بگونجێت بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسیدا. پێویستە ڕێز لەو بڕیارانە بگیرێت كە دراون".

هەروەها ئەو بەرپرسەی رۆژئاوای كوردستان هۆشداریدەدات   "ئەگەر ڕژێمی دیمەشق ڕێز لە كۆنفرانسەكە نەگرێت ئەوە مانای نكۆڵیكردنە لە پێكهاتەكان و ئەمەش سوریا دابەش دەكات".

رونیشیكردەوە "ڕژێمی كاتی لە دیمەشق بانگەشەی ئەوە دەكات كە كۆنفرانسی حەسەكە پێشێلكردنی ڕێككەوتنی 10ی ئادارە، بەڵام ئەمە ڕاست نییە. بەپێچەوانەوە لە ڕێككەوتنی 10ی ئاداردا وتمان دەبێت هەموو سورییەكان بە هەموو پێكهاتەكانیانەوە بەشداری پرۆسەی سیاسی بكەن. بەڵام كاتێك پێكهاتەكان دەبینن بەشداری پرۆسەی سیاسی ناكەن، ناچار دەبن بۆچوون و ڕەخنەی خۆیان لە حكومەتی كاتی دەرببڕن".
ئ.ه

بەپەلە