لیژنەی دارایی: حکومەت بۆ دابینکردنی موچە مانگانە پێویستی بە 8 تریلیۆن دینارە

ئابوری

20/08/2025‌ 335 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دوێنێ سێشەممە ئاشکرای کرد کە زیاتر لە 10 ملیۆن هاوڵاتیی عێراقی مانگانە مووچە لە حکومەت وەردەگرن، کە خەرجی مانگانەی 8 تریلیۆن دینارە.

موعین کازمی، ئەندامی لیژنەکە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا  رایگەیاند: "وەزارەتی دارایی مانگانە 8 تریلیۆن دینار وەک مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و ئەوانەی لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتییدا جێگەیان کراوەتەوە، دابین دەکات".

کازمی وتوشیەتی: "ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی مووچە لە حکومەت وەردەگرن گەیشتووەتە زیاتر لە 4.2 ملیۆن فەرمانبەر، لە کاتێکدا ژمارەی خانەنشینان زیاتر لە 3 ملیۆن خانەنشینە، و ژمارەی ئەوانەی لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتییدا جێگەیان کراوەتەوە لە 3 ملیۆن کەس تێدەپەڕێت".

هەروەک دەڵێت:  کۆی گشتی ئەو کەسانەی سوودمەندن و مووچە لە حکومەت وەردەگرن دەگاتە 10.5 ملیۆن کەس، و مووچەی ئەم سێ توێژە بە تەواوی بۆ کۆتایی ئەمساڵ دابین کراوە، چونکە داهاتی نەوتی بەدەستهاتوو مانگانە زیاتر لە 6 ملیار دۆلارە.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی