یه‌ك دۆلارى ئه‌مریكى 100 هه‌زار تومه‌نى تێپه‌ڕاند

لە میدیاکانەوە

28/08/2025‌ 3877 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەهای یەک دۆلاری ئەمریکا لەبازاڕی دراوی ئێران ئێوارەی ڕۆژی دوێنێ سنوری 100 هەزار تومەنی تێپەڕاندو گەیشتە 100 هەزارو 450 تومەن.


به‌گوێره‌ى میدیاى ئێرانى، بەهای دۆلار لەبازاڕی دراوی ئەو وڵاتە ئێوارەی دوێنێ سنوری 100 هەزار تومەنی تێپەڕاندوەو گەیشتوەتە 100 هەزارو 450 تومەن.

بەرزبونەوەی بەهای دۆلار دوای ئەوەدێت، کە دانوستانەکانی ئێران‌و سێ وڵاتی ئەوروپی بەشدار لەڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی، ڕۆژی سێشەممە بەبێ دەستکەوت کۆتاییهات‌و ئەگەری چالاککردنەوەی میکانیسمی سناپ بەک بۆ گەڕانەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران لەئارادایە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز شەوی ڕابردوو لەزاری چوار دیپلۆماتی ئەوروپی ڕایگەیاندبوو، ڕەنگە ئەمڕۆ پێنجشەممە، هه‌رسێ وڵاتی فەڕەنسا، ئەڵمانیاو به‌ریتانیا، پرۆسەی چالاککردنەوەی میکانیسمی سناپ بەک دەستپێبکەن‌و بەدەستپێکردنی پڕۆسەکەش، ئێران مانگێک مۆڵەتی دەبێت سەبارەت بەبەرنامە ئەتۆمییەکەی دڵنیایی بداتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەپێچەوانەوە، حەوت بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەدژی ئێران چالاکدەکرێنەوە‌و سەرجەم ئەو گەمارۆ نێودەوڵەتییانەی بەهۆی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمییەوە لەسەر ئێران لادرابون، دیسان دەگەڕێنەوەسەر ئەو وڵاتە.