شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێك، بەرهەمهێنانی نەوتی ههرێم ئاسایی بوەتەوە، باس لهوهشدهكات، كۆمپانیا نەوتیەكانی هەرێم ئامادەكاریی بۆ زیادكردنی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت دەكەن.
ڕاپۆرتێکی گۆڤاری هەفتانەی ڕوپێوی ئابوریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە(MEES) ئاشكرایكردوه، "کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکانی نەوت لەهەرێم لەوانە (دی ئێن ئۆ)و (گەڵف) بەوریاییەوە سەرقاڵی گەڕاندنەوەی ئەو بڕە نەوتەن کە لەدوای هێرشە درۆنییەکانەوە لەدەستچون".
باس لهوهشدهكات، ئامادەکاریی دەکەن بۆ وەبەرھێنانی نوێ لەکێڵگەکانیان، سەرەڕای ئەوەی هێشتا بۆریی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بەداخراوی ماوەتەوە.
لەناوەڕۆكی ڕاپۆرتەكەدا ئەوەش هاتوە، بەرهەمهێنانی نەوت لەزۆربەی زۆری كێڵگەكان لەئێستادا ئاسساییی بونەتەوەو بەگرنگیەوە كاردەكرێت بۆ دوبارە زیادكردنەوەی بەرهەمی نەوتو گاز.
گۆڤاری MEES لەدرێژەی ڕاپۆرتەكەیدا ئاماژەى بهوهكردوه، کۆمپانیاکانی نەوت، هاوكات گەڵف کیستن، پلانی ھەیە توانای دامەزراوەکانی بەرهەمهێنان تاوەکو ساڵی 2027 بەبڕی 16 ههزار بەرمیل لەڕۆژێکدا زیاد بکات.
چاوەڕواندەکرێت ئەم نوێکردنەوەیە چوار ههزار تاوهكو ههشت ههزار بەرمیل لەڕۆژێکدا بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی کێڵگەکە زیاد بکاتو پارێزگاریی باشتریش لەیەدەگی نەوتی ژێر کێڵگەکە بکات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكەی MEES، گەورەترین ئاستەنگ ھێشتا بەداخراوەیی مانەوەی بۆریی هەناردەکردنەوەی نەوتە کە لەمانگی 3ی ساڵی 2023وە وەستاوە.
ھەرچەندە بەغداو ههولێر لەمانگی 7دا لەسەر چوارچێوەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتن، بەڵام کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت هێشتا مەرجەکانیان جێبەجێنەکراوە.
