شارپرێس:
ڕۆژنامەی "فایننشاڵ تایمز"ی بەریتانی لەڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردوە، بەرپرسانی باڵای بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لەماوەی ساڵی ڕابردودا دوو گەشتی نهێنییان بۆ ڕوسیا ئەنجامداوە، باسی لەوەشکردوە، ویلایەتەیەکگرتوەکان ئەم هەنگاوە بەهەوڵێکی ئێران بۆ بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای هەستیار دەبینێت کە دەکرێت لەپەرەپێدانی چەکی ئەتۆمیدا بەکاربهێنرێت.
بهگوێرهى ڕۆژنامەکە، ئەم سەردانانە بەشێکبون لەهاوکارییەکی پەرەسەندوو لەنێوان دامەزراوەکانی توێژینەوەی سەربازیی ڕوسیاو ڕێکخراوی توێژینەوەو داهێنانی بەرگریی ئێران (سپەند) کە واشنتۆن وەک سەرپەرشتیاری هەوڵەکانی تاران بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی دیاریکردوە.
بەڵگەنامە پێداچونەوەکراوەکان ئاماژە بەئامادەیی مۆسکۆ دەکەن بۆ پێشکەشکردنی زانستی پێشکەوتوی ئەتۆمی، کە دەتوانێت خزمەت بەئامانجە سەربازییەکانی ئێران بکات.
جیم لامسۆن توێژەری ئەمریکی پێیوایە، شاندی ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای لێزەری داوە کە یارمەتیدەرە لەتاقیکردنەوەی دیزاینی چەکی ئەتۆمی بەبێ ئەنجامدانی تەقینەوەیەکی ڕاستەقینە.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە تاران هەمیشە جەخت لەسەر ئاشتییانەبونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەکاتەوەو ڕوسیاش دژایەتیی خۆی بۆ خاوەندارێتی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە ڕاگەیاندوە.
ئەوەش هاتوە، "کۆمپانیای (دەماوەند تێک)، کە وەک بەرگێک بۆ (سپەند) کاردەکات، لەتشرینی دوەمی 2024دا گەشتێکی بۆ شارەزایانی ئێرانی لەبواری لێزەردا بۆ سان پترسبۆرگ ڕێکخستوە کە لەوێ چاویان بە بەرپرسانی کۆمپانیای (لێزەر سیستەمز)ی ڕوسی کەوتووە، کە لەژێر سزاکانی ئەمریکادایە، هەروەک وهفدێكى دیکەی ئێران بەپاسپۆرتی دیپلۆماسی سەردانی دامەزراوە زانستییەکانی ڕوسیایان کردوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات، نیگەرانییەکان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران زیاتربون دوای هەوڵی "دەماوەند تێک" بۆ کڕینی ئایزۆتۆپی تیشکدەری هەستیار وەک تریتۆم، کە لەزیادکردنی هێزی وێرانکەری کڵاوەی موشەکە ئەتۆمییەکاندا بەکاردێت.
نیکۆڵ گراجۆسکی توێژەر لەپەیمانگهی کارنێگی جەخت لەوەدەکاتەوە، ئەم گەشتانە بەتوندی ئاماژە بەوەدەکەن، مۆسکۆ پشتیوانی زانستییو تەکنیکی دوانە بەکارهێنان پێشکەش بەتاران دەکات، بەتایبەت لەکاتێکدا کە توێژەرێکی "لێزەر سیستەمز"یش لەمساڵدا سەردانی تارانی کردوە.
