لەباکوری کوردستان شوێنەوارێکی مێژویی گرنگ دۆزرایەوە

هەمەڕەنگ

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1526 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەدۆزینەوەیەکی شوێنەواری سەرنجڕاکێشدا، تورکیا ڕایگەیاند، لەقۆناغی کۆتایی هەڵکۆڵینەکانی ساڵی 2025دا، تابلۆیەکی مۆزایکی زەویی ناوازەی لەناو قەڵای ڕۆحا دۆزیوەتەوە کە تەمەنی1500  ساڵ دەبێت.


ئەم مۆزایکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی نێوان ساڵانی 460و 495ی زایینی‌و بەوە جیادەکرێتەوە کە زۆر بەوردی لەبەردی بچوکی ڕەش‌و سورو سپی دروستکراوە، هەروەها بەنەخش‌و نیگاری ئاڵۆز کە گیانلەبەرو ڕوەک‌و چوار توخمەکە (هەوا، ئاو، زەوی‌و ئاگر) دەنوێنێت، کە هێمای پەیوەستبون بون بەچەمکەکانی دروستبون‌و ڕێکخستنی گەردونی لەباوەڕی سەرەتایی مەسیحیدا.

ئەوەش هاتوە، وێنە سروشتییەکان ئاماژە بەبابەتەکانی نوسین دەکەن کە لەکتێبی "سفری تەکوین" وەرگیراون، لەکاتێکدا تابلۆکە نوسراوێکی یۆنانی بەچوارچێوەیەکی بیزەنتی لەخۆگرتوە کە ڕونیدەکاتەوە، بۆ پاراستنی کۆنت ئاناکاس‌و خێزانەکەی دروستکراوە،  هەروەک ناوی کەسایەتییە ئاینییە دیارەکان وەک قەشە کیروس‌و یەکەم قەشە ئیلیاس‌و شەماس ڕابولوسی تێدایە.

پرۆفیسۆر گوڵڕێز کۆزبێ بەڕێوەبەری هەڵکۆڵینەکە پێیوایە، ئەم مۆزایکە بەشێکبوە لەزەوی کڵێسایەک یان پەرستگایەک یان شوێنێکی یادگاری.

ئەم دۆزینەوەیە بەهایەکی زۆری هەیە بەهۆی پێگەی مێژویی ڕۆحا، کە بەشێوەیەکی نەریتی بەزێدی پێغەمبەر ئیبراهیم دادەنرێت، ئەمەش پێگەی ئاینییەکەی بەدرێژایی سەردەمەکان بەهێزتر دەکات.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی