ئەردۆغان پشتیوانی هەنگاوەکانی باخچەلی لەبارەی پرسی کورد دەکات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 326 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لە میانی وتارێکدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پەرلەمانیی پارتی داد و گەشەپێدان (AKP)، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا، پشتگیری ئاشکرای بۆ هەنگاوەکانی هاوپەیمانەکەی لە "هاوپەیمانی گەل"، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (MHP)، سەبارەت بە چارەسەرکردنی  پرسی کورد، دەربڕی.

 
ئەردۆغان لەسەر لێدوانەکانی باخچەلی کە ئامادەیی نیشاندا بۆ سەردانیکردنی زیندانی ئیمرالی و دانیشتن لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئەردۆغان کارەکەی خستە ئەستۆی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان. جەختی لەسەر متمانەی تەواوی بە "لیژنەی برایەتی، یەکێتی نەتەوەیی و دیموکراسی" پەرلەمان کردەوە، کە بڕیارە ڕۆژی هەینی، 21ی تشرینی دووەم، کۆبێتەوە و ئەم بابەتە تاوتوێ بکات.

ئەردۆغان ڕایگەیاند: "لە ناخی دڵمەوە بڕوام وایە لیژنەکە دروستترین و وردترین بڕیار بۆ تورکیا و داهاتوویەکی سەلامەت و یەکڕیزی گەلەکەمان دەدات."

لەئاستی سیاسەتی ناوخۆیشدا، ئەردۆغان ستایشی هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی لایەنە سیاسییەکانی کرد، بەتایبەت "هەڵوێستی ژیرانە"ی شاند و فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی).  هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە "لێدوانە ئازایانە و دوربینەکانی" دەوڵەت باخچەلی لە ڕۆژی یەکەمەوە رۆڵی ناوازەیان کردووە بۆ گەیشتنی پڕۆسە سیاسییەکە بە قۆناغی ئێستا.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی