شارپرێس:
ئەندامێكی پەرلەمانی ئێران ئاشكرایدەكات، وڵاتەكەی بەفەرمی پێشنیازەكانی ئەمریكای بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆی ئەتۆمی ڕەتكردەوە.
فەداحوسێن مالیکی ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لەپەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پێشنیازەکانی ئەمریکای بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان سەبارەت ب بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕەتکردەوە.
میدیاكانی ئێران، لەسەر زاری فەداحوسێن مالیکی بڵاویانکردەوە،" واشنتن لەڕێگەی نێوەندگیرە جیاوازەکانەوە چەندین پەیامی ناردوە و داوای لەتاران کردوە کە بەشداری دانوستان بکات، بەڵام تاران داواکانی ڕەتکردوەتەوە"، ئەوەشی دوپاتكردەوە، كە ئێران ئێستا نیازی نییە بچێتە ناو هیچ دانوستانێکەوە".
لەبارەی هۆكارەكەشیەوە بۆ نەبونی متمانە بەواشنتن دەگەڕێتەوەو دەڵێت، پێداگرییان لەسەر مەرجەکانی پێشوەختە كردوە، لەكاتێكدا كە دیارترینیان وەستاندنی پیتاندنی یۆررانیۆمە.
فەداحوسێن مالیکی ڕەخنەی لەوە گرت بۆچی ئیسرائیل خاوەنی جبەخانەی ئەتۆمییە بەبێ ئەوەی بچێتە ژێر هیچ چاودێرییەکی نێودەوڵەتییەوە، هەروەها پەیوەندی بەئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش نەکردوە.
ئەو پەرلەمانتارە هۆشدارییدا لەئەگەری هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر گروپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لەلوبنان، عێراق و یەمەن، چونکە ئەو هەردوو وڵات زیاتر توشی پەراوێزخستنی نێودەوڵەتی دەبنەوە".
