شارپرێس:
سەرۆكی دەسەڵاتی فەڵەستینی ئاشكرایكرد، كاری ئێستامام جێبەجێكردنی نەخشەكەی سەرۆكی ئەمریكایە لەپێناو ڕاگرتنی شەڕ و خوێنڕشتن".
مەحمود عەباس، سەرۆكی دەسەڵاتی فەڵەستین لەپەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ فریدریك میرتس ڕاوێژكاری ئەڵمانیا، ڕایگەیاند،" كاری لەپێشینەیان ئێستا جێبەجێكردنی نەخشەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكایە لەپێناو ڕاگرتنی شەڕ و خوێنڕشت".
سەرۆكی دەسەڵاتدارێتی فەڵەستین وتیشی،" دەستپێكردنی قۆناغی دوەمی نەخشەكەی سەرۆكی ئەمریكا لەغەززە، پێویستی بەكشانەوەی سوپای ئیسرائیل و ڕادەستكردنی چەكەكانە لەلایەن حەماسەوە بەدەسەڵاتدارێتی فەڵەستین".
جەختیشی كردەوە، كە دەبێت ڕێگا بكرێتەوە بۆ لیژنەیەكی ئیداری فەڵەستینی و پۆلیس و بڵاوەپێكردنی هێزی سەقامگیری و دواتریش دەستبكرێت بەبنیاتنانەوەی غەززە.
سەرۆكی دەسەڵاتی فەڵەستین ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد،"پێویستە هەنگاوی هاوتەریب لە كەرتی رۆژئاوای فەڵەستینیش بنرێت بۆ راگرتنی تێكدانی چارەسەری دوو دەوڵەت، كە خۆی دەبینێتەوە لە راگرتنی دروستكردنی شوێنی جولەكەكان و سیاسەتی پێوەلكاندنی ناوچە فەڵەستینیەكان، لەگەڵ ئازادكردنی ئەو پارەیەی دەسەڵاتی فەڵەستین كە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستی بەسەرداگیراوە".
عەباس جارێكی دیكە سەركۆنەی هێرشی حەوتی تشرینی یەكەمی 2023 ی لەلایەن حەماسەوە بۆسەر ئیسرائیل كرد، راشیگەیاند "پێویستە لەسەر حەماس كۆتایی بە دەسەڵاتەكەی بهێنێت و چەكەكانی رادەست بكات".
سەرۆكی دەسەڵاتدارێتی فەڵەستین جارێكی دیكە پابەندبوونی بە داننان بە دەوڵەتی ئیسرائیل و چارەسەری دوو دەوڵەت دووپات كردەوە، وتیشی "بۆ ئەوەی دەوڵەتی فەڵەستینی سەربەخۆ شانبەشانی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ئاسایش و ئاشتیدا بژین".
مەحمود عەباس باسی لە هەنگاوەكانی چاكسازی لە دەسەڵاتی فەڵەستین كرد، كە خۆی دەبینێتەوە لە باشتركردنی سیستمی خوێندن بەپێی پێوەرەكانی یونسكۆ، لەگەڵ دروستكردنی سیستمی چاودێری كۆمەڵایەتی یەكگرتوو، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی یاسای پاڵپشتی زیندانیان، لەگەڵ ئامادەیی بەرەو هەڵبژاردنێكی گشتیی لەگەڵ كۆتایی هاتنی جەنگ و لەباربوونی دۆخەكە.
ئەو چاكسازیانەی مەحمود عەباس باسی دەكات، بەشێكە لە پابەندییەكانی دەسەڵاتدارێتی فەڵەستین، كە لەپێناو ئامادەكاری بۆ دەسەڵات گرتنەدەست لە غەززە دەیكات بەپێی قۆناغی كۆتایی نەخشەكەی ترەمپ بۆ غەززە.
