شارپرێس:
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکرات لەهەرێمی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، بانگەوازێکی بەپەلەو نائاسایی ئاراستەی گەلانی ناوچەکەو ڕای گشتیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەکات و هۆشداری دەدات لەوەی شاری کۆبانی بەهۆی گەمارۆیەکی خنکێنەرەوە گەیشتوەتە لێواری کارەساتێکی مرۆیی ڕاستەقینە.
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەڕاگەیەندراوەكەیدا دەشڵێت، کۆبانی سیمبوڵی بەرخودان و خۆڕاگرییەو ناوەکەی لەیادەوەری سورییەکان و جیهاندا هەڵکۆڵراوە، ئەوەش بەهۆی ئەو قوربانییە گەورانەی لەپێناو بەرگریکردن لەمرۆڤایەتی دژی تیرۆر پێشکێشی کردوە.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە،" کۆبانی هێڵی یەکەمی بەرگری بوو لەبەها مرۆییەکان و وەرچەرخانێکی مێژویی بوو کەڕێڕەوی شەڕی دژی توندڕۆیی گۆڕی."
هەروەها جەخت دەکاتەوە کە،"بەئامانجگرتنی ئێستای کۆبانی، بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی ئیرادەی گەلانی ئازاد و ئەزمونی دیموکراتییە لەناوچەکەدا."
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جەخت لە،"پێویستیی هەرە لەپێش دەکاتەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی خێراو دەستبەجێ، لەوانەش کردنەوەی رێڕەوی ئارام بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆیی و پزیشکییەکان، دابینکردنی چارەسەر بۆ برینداران و دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکان بۆ دانیشتوانە گەمارۆدراوەکە، بێ ئەوەی هیچ مەرج و کۆتوبەندێک دابنرێت.
لەڕگەیەندراوەکەدا بەرپرسیارێتییەکی یاسایی و ئەخلاقی خراوەتە سەر شانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتوەکان و سەرجەم ڕێکخراوە مرۆیی و مافپەروەرەکان، تاوەکو دەستبەجێ دەستوەردان بکەن بۆ راگرتنی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ناوچەکانی کانتۆنی جەزیرە، کەهەڕەشە لەسەقامگیری و ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکەن و مەینەتییە مرۆییەکان قوڵتر دەکەنەوە".
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ستایشی "بەرخودانی میللیی پاڵەوانانەی دانیشتوانی حەسەکە و تەواوی ناوچەکانی کانتۆنی جەزیرە دەکات و سڵاو بۆ یەکڕیزی و خۆڕاگرییان بەرامبەر هێرشەکان دەنێرێت و ڕایگەیاندوە،" ئەم هەڵوێستە نیشانەی هۆشیاریی گەل و پێداگرییانە لەسەر پاراستنی خاک و پڕۆژە دیموکراتییەکەیان."
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لەخەڵک کراوە ئاستی بەرخودانی میللیی رەوا بەرز بکەنەوەو هەموو وزەکان کۆبکەنەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان کە بە خوێنی شەهیدان بەدەستهاتون، تاوەکو داهاتووی نەوەکانی داهاتوو لەئازادی و کەرامەت و پێکەوەژیاندا بپارێزرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداری دەدات و دەڵێت، "بێدەنگی بەرامبەر ئەوەی رودەدات هاوکارییە لەتاوانەکەدا، دەستوەردانی بەپەلەی ئەمڕۆش بەرپرسیارێتییەکی مرۆییە و نابێ دوابخرێت."
