نوری مالکی بەفەرمی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقە

عیراق

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 382 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

چوارچێوەی هەماهەنگی بە فەرمی کاندیدبونی نووری مالکی وەکو بەربژێری خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیاند.

كەمێك لەمەوبەر، چوارچێوەی هەماهەنگی، لەنوسینگی هادی عامری، بۆ دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوەوە.

چوارچێوەکە لەڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند،" کە بە زۆرینەی دەنگ، نوری کامیل مالیکی وەک کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق دیاریی کردوە."

چوارچێوەی هەماهەنگی دەشڵێت،" دیاریکردنی مالیکی وەک کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی، بەلەبەرچاوگرتنی ئەزمونی سیاسی، ئیداری و ڕۆڵی ناوبراو لەبەڕێوەبردنی دەوڵەتدا بوە.

لەبەشێکی دیکەی ڕگەیەنراوەکەدا، چوارچێوەی هەماهەنگی پابەندبونی تەواوی خۆی بەڕێکارە دەستورییەکان دوپات کردوەتەوەو ئامادەیی نیشان داوە بۆ کارکردن لەگەڵ سەرجەم هێزە نیشتمانییەکان بە ئامانجی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێزو کارا کە توانای ڕوبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و پاراستنی ئاسایش و یەکڕیزیی عێراقی هەبێت."

لەکۆتاییدا، چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لەپەرلەمانی عێراق کردووە کە بە گوێرەی وادە دەستورییەکان، دانیشتنی تایبەت بەهەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەنجام بدات، وەک هەنگاوێکی پێویست بۆ راسپاردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران.