شارپرێس:
ژمارەیەك نوسەرو كەسانی سیاسی و ئەكادیمی و ڕۆشنبیر ڕاگەیەندراوێكیان لەبارەی دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان بڵاوكردەوەو تێیدا پەیامێك ئاڕاستەی سەرجەم كوردێك لەچین و توێژە جیاوازەكان دەكەن و دەڵێن، ئەمڕۆ ڕۆژئاڤای کوردستان تەنها جوگرافیایەک نییە لەژێر ئاگردا، بەڵکو سه‌رزه‌مینی شکۆو تاقیگەی ڕاستەقینەی هەموو ئەو دروشمانەیە، کە سەدەیەکە کورد بەرزیان دەکاتەوە.
لەبڵاوكراوەكەدا بەناونیشانی "مانیفێستی بەرپرسیارێتیی مێژویی ڕۆژئاڤاو تاقیکردنەوەی وجودیی نەتەوه" تیشك دەخەنە سەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست كەئێستا لەبەردەم ئەگەری داڕشتنەوەو دەستکاری نوێ دایە، لەم دۆخه تازه‌یه‌داو دەڵێن،" کورد یان وەک بکەرێکی مێژویی دەردەکەوێت و چارەنوسی خۆی بەدەستی خۆی دەنووسێتەوە، یان وەک کەرەستەیەکی خاو لەژێر پێی فاشیزمی نوێ‌دا وردوخاش دەبێت".
جەختیش دەكەنەوە، ئەم مانیفێستە، بانگەوازێکی ئه‌خلاقی و ویژدانییە بۆ دەستەبژێرە جیاوازەکانی کورد لەهەر چوار پارچەی کوردستان. لەئەگەری شکستی ڕۆژئاڤادا، شکستی کوردستان و کوردانە لەهەرشوێنێکی دنیادا بن.
لەم دۆخە هەستیار و قۆناغه نوێیەدا داوا دەکەن:
یەکەم:
سیاسییەکان لەهەژمونی حیزبەوە بۆ شکۆمەندیی نەتەوە هەنگاو بنێن.
سیاسەت لەم ساتەدا نابێت هونەری پاراستنی بەرژەوەندیی حیزبی بێت، بەڵکو دەبێت هونەری ڕزگاریی نەتەوەیی بێت. گەورەترین ناپاکیی مێژوویی، نارسیسیزمی حیزبی پەنابردنە بۆ نەیارانی کورد دژی براکانی تر. بۆیە سیاسیی کورد دەبێت بزانێت حیزب ئامرازە و نیشتمان ئامانج.
هەر سیاسییەک لەم ماوه مێژوییه‌دا ناکۆکی و گوتاری یه‌کتر ڕه‌شکردنه‌وه‌ی ناوخۆیی زیندوو بکاتەوە، ناوەکەی لە لاپەڕە ڕەشەکانی مێژوودا وەک ئەندازیاری هەڵوەشاندنەوەی نەتەوە تۆمار دەکرێت. یەکگرتوویی لەگەڵ ڕۆژئاڤا، نەک هەر بژاردە نییە، بەڵکو تاکە ڕێگای مانەوەیە.
دوەم:
ڕۆشنبیران: کۆتاییهێنان بە جەنگی وێرانکەری ئێستاتیکای وشک.
ئەرکی ڕۆشنبیر لەم قۆناغەدا دروستکردنی کۆدەنگیی نیشتمانییە، نەک قوڵکردنەوەی گرژییه ئایدیۆلۆژییه‌کان. کاتێک دوژمن جیاوازیی لە نێوان کوردێکی ئیماندار و نا پابه‌ند به ئاینه‌وه ناکات و هەردووکیان وەک کێشەیەکی ئەمنی دەبینێت، شەڕی ئایدیۆلۆژیی ڕۆشنبیران نه‌ک هه‌ر پێویست نامێنێت، به‌ڵکو ڕاسته‌وخۆش ده‌چێته خزمەتی ئه‌جێندای سیاسی داگیرکه‌ران و نه‌یارانی کورد و کوردستانیانه‌وه.
بۆیە قەڵەمەکانتان مەکەنە خەنجەر بۆ جەستەی یەکتر، ببنە چرا بۆ نیشاندانی ڕووه دۆزه‌خییه‌کانی جۆلانی و داگیرکەران و پیلانگێڕییەکانی دژ بە کورد و کوردستان. ڕۆشنبیری ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە لە ساتی مەترسیدا، شوناسی کوردبوون دەخاتە سەروو هەموو پێناسە فیکرییەکانی ترەوە. چونکه ئێمه وه‌ک کورد ڕووبه‌ڕووی سڕینه‌وه ده‌بینه‌وه، نه‌ک وه‌ک هه‌ڵگری هه‌ر بیر و باوه‌ڕێک.
سێیەم:
ئەکادیمییەکان لەکەنارگیریی زانستییەوە بۆ ناو جەرگەی برینەکان.
شەرمە بۆ زانایەک یان پڕۆفیسۆرێکی کورد، نەتەوەکەی لەبەردەم جینۆسایدێکی نوێ‌دا بێت، بەڵام ئەو تەنها لەناو بورجی عاجیدا خەریکی کۆکردنەوەی نازناوی زانستی بێت.
بۆیە ئەکادیمییەکانی ئێمە دەبێت ببنە ئه‌ندازیاری ستراتیژی، دەبێت زانست و زانین بخەنە خزمەت شەرعیەتدان بە مافەکانی کورد لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا. زانستێک کە نەبێتە قەڵغان بۆ پاراستنی خاک، زانستێکی مردوو و بێ کەڵکە و شایەنی پێشوازی لێکردن نییە.
چوارەم:
پێویستە بازرگانان و سەرمایەداران پرسی ئەخلاقی سەرمایە و پیرۆزیی خاک بەهەند وەربگرن.
سەرمایە بەبێ نیشتمان، بارمتەی دەستی داگیرکەرە. بازرگانێک کە تەنها بیر لە قازانجی خێرا بکات و نیشتمان وەک (کاڵا) ببینێت، داگیرکەرێکی ناوخۆییە.
خاک نامووسی مێژویییە، نەک کەرەستەی مامەڵە. ئەگەر ڕۆژئاڤا بکەوێت، تەلارە بەرزەکانی ئێوەش لەباشورو شوێنەکانی تر دەکەون. نیشتمانپەروەریی ئێوە بەوە دەپێورێت کە چەندە لەژێرخانی ئابووریی نەتەوەیی و پاڵپشتیی مرۆیی بۆ براکانتان خەرج دەکەن.
پێنجەم:
زانا و مامۆستایانی ئایینی: گەڕانەوە بۆ ڕەسەنایەتیی کوردبون.
مێژوی ئێمە پڕە لەزانای گەورەی وەک خانی و نالی مەلای گەورە کە ئاینیان وەک هێزێکی ڕزگاریبەخشی مەعنەوی بۆ خاک بەکارهێناوە. زانای ئایینیی ئەمڕۆ ده‌بێت ببێتە قه‌ڵایه‌کی پۆڵایین بۆ ڕێگرکردن له بڵاوکردنەوەی گومان لە پیرۆزی خەباتی نەتەوەیی و بره‌ودان به بیری توندڕەویی هاوردەکراو کە شەرعیەت بە بکوژانی کورد دەدات.
بۆیە دەبێت ئاین ببێتە ئامرازی یەکگرتوویی نەتەوەیی، گوتاری ئایینی دەبێت گوتارێکی مرۆیی و نیشتمانی بێت، کە تاکێکی وەها بەرهەم بهێنێت، بەرگری لە خاکی ڕۆژئاڤا و کۆی کوردستان بکات و بە پیرۆزیی ئایینی بزانێت.
شەشەم:
میدیا و میدیاکاران
میدیا لە ساتەوەختی مەترسیدا تەنها ئامرازی گواستنەوەی هەواڵ نییە، بەڵکو قەڵغانی دەروونی و ویژدانیی نەتەوەیە. لەم قۆناغەدا، گەورەترین خیانەت ئەوەیە میدیای کوردی لەپێناو بەرژەوەندیی حیزبی و لایک و بینەردا، ببێتە بڵندگۆی شەڕی دەروونیی دوژمن و بێئومێدیی لەنێو کۆمەڵدا بڵاو بکاتەوە. میدیاکار دەبێت لە نێوان بێلایەنیی سارد و بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی، دووەمیان هەڵبژێرێت، چونکە لە کاتی جینۆسایددا، بێلایەنی تەنها خزمەت بە جەلاد دەکات.
بۆیە ئەرکی میدیای کوردییە کە مەکینەی ڕاگەیاندنی دوژمن پەک بخات، ڕاستییەکان بۆ جیهان بگوازێتەوە و وێنەی ڕاستەقینەی ئەو فاشیزمە نیشان بدات کە دەیەوێت لەژێر پەردەی جیاوازدا ڕۆژئاڤا ناشرین بکات. میدیایەک کە نەبێتە دەنگی قوربانی و نەبێتە پۆڵا بۆ ئیرادەی گەلەکەی، میدیایەکی بێ‌ڕۆح و پاشکۆی ئەجێندای بێگانەیە. میدیاکاران دەبێت شەهیدی حەقیقەت بن، نەک بازرگانی هەواڵە چەواشەکارەکان.
حەوتەم:
تاکی کورد پاسەوانی هۆشیاریی گشتی یە. هاووڵاتی نابێت تەنها بینەرێکی بێدەنگ بێت. هۆشیاریی تۆ گەورەترین ڕێگرە لەبەردەم خیانەتی هەر سیاسی و دەستەبژێرێک.
بۆیە لە هەر کاتژمێرێکدا، لە هەر شوێنێکی جیهان بیت، دەنگی تۆ پارێزەری ڕۆژئاڤایە. لێپرسینەوە لە دەسەڵاتدارەکانت بکە و مەیەڵە ڕۆژئاڤا و کورد لەناو بێدەنگیدا باجی دوو مۆڕاڵی ئەوان بدات.
دادگای مێژوو ڕەحم بە کەس ناکات.
ئێمە لە ساتەوەختێکی ناسک داین. مێژوو وەک ڕووبارێکی خێرا دەڕوات، یان دەبێت مەلەوانی تێدا بکەین بەرەو کەناری ڕزگاریی، یان بەرەو قوڵایی فەنابوون دەمانبات.
ڕسوایی مێژوویی بۆ ئەو کەسانەیە کە لە کاتی پێویست و هەستیاری گەلەکەیاندا بێدەنگ بوون، یان لە پێناو پارە و پۆست‌دا پشتیان لە ڕۆژئاڤا کرد. شکۆمەندیی بۆ ئەوانەیە کە دەبنە پرد بۆ پەڕینەوەی نەتەوە بەرەو سەرفرازیی.
پێویستە هەموومان بیری خۆمان و دوژمنانیشی بهێنینەوە، ئەوە کورد نییە کە شکستی لە دروشمی 'بەڵێ بۆ ئاشتیی'ـدا هێناوه، بەڵکو ئەوە دوژمنانی کوردن که جاڕی جەنگیان دژی کورد داوه.
ڕۆژئاڤا بۆ ئێمەی کورد تەنها پارچەیەک خاک نییە، بەڵکو ویژدان و شکۆی هەموو کوردێکە.
ئەو پێکەوەبوون و هاودەنگییە گشتییەی کوردان، کە ئەمڕۆ بۆ ڕۆژئاڤا ئامادەیی هەیە، ڕوونە کە هەوێنی ئایندەیەکی سەربڵند و چارەنووسازانایە، ئەو ئامادەییە پێویستی بە بەردەوامیی و پشوودرێژییە.
- پیرۆزبێت قۆناغی تێگەیشتنی نوێ لە کورد و کوردبوون.
- پیرۆزە قۆناغی بەنەتەوەیی بوونی کورد.
- پیرۆزە خەمڵینی گەلی کورد.
- هەر کورد بووین و هەر کورد دەبین.
ناوه‌کان
1) د. کامه‌ران محه‌مه‌د قادر (توێژه‌ر و ئه‌کادیمی)
2) نەریمان ئاغالی (ڕاوێژکاری سایکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی)
3) د. رزگار عه‌بدولکه‌ریم عه‌بدولعه‌زیز (ڕاگری په‌یمانگای ده‌ربه‌ندیخان و مامۆستای زانکۆ)
4) کامه‌ران ئه‌حمه‌د سیوه‌یلی (نووسه‌ر)
5) د. په‌روین نوری عارف (مامۆستای زانکۆ)
6) د. یاسین سه‌رده‌شتی (مێژوونووس و مامۆستای زانکۆ)
7) ئه‌بوبه‌کر هه‌ڵه‌دنی (سیاسه‌تمه‌دار)
8) د. جه‌عفه‌ر عه‌لی ره‌سوڵ (مامۆستای زانکۆ)
9) هۆمەر محەمەد (لێکۆڵکاری جینۆساید و نووسەر)
10) د. بورهان محه‌مه‌د فه‌ره‌ج (ئه‌ندامی خولی دووه‌می په‌رله‌مانی عێراق)
11) پ. ی. د. ئیبڕاهیم سادق مەلازادە (بەڕێوەبەری ناوەندی جینۆساید، جێندەر و توێژینەوەی کۆمەڵایەتی، زانکۆی سۆران)
12) جیهاد محەمەد حەمەکەریم (بەرپرسی ڕێکخراوی پەروەردەی سەردەم)
13) د. ئیدریس عومەر (لاهووتی) (توێژه‌ر و شاعیر)
14) محه‌مه‌د که‌ریم محه‌مه‌د (نووسه‌ر و وه‌زیری خانه‌نشین)
15) ڕەووف محەمەد ئالانی (نوسەر و پەروەردەکار)
16) شوان ئه‌حمه‌د (نووسه‌ر و وه‌رگێڕ)
17) سیروان حەمەڕەشید (توێژەری سیاسی و نوسەر)
18) د. سارا قادر محه‌مه‌د (رۆژنامه‌نووس و مامۆستای زانکۆ)
19) ئومێد قه‌ره‌داخی (توێژه‌ر و مامۆستای زانکۆ)
20) د. توانا حەسەن (مامۆستای زانکۆ)
21) د. سه‌لمان نادر عه‌بدولڕه‌حمان (نووسه‌ر)
22) ڕێبین هه‌ردی (نووسه‌ر و ڕوناکبیر)
23) د. به‌همه‌ن تاهیر نه‌ریمان (توێژه‌ر و نووسه‌ر)
24) د. کۆزاد محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د (شوێنه‌وارناس و مامۆستای زانکۆ)
25) جوتیار عومەر ساڵح (وەرگێڕ و مامۆستای زانکۆ)
26) د. ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د فه‌ره‌ج (مامۆستای زانکۆ)
27) د. کانیاو ره‌فعه‌ت غه‌فار (مامۆستای زانکۆ)
28) ڕه‌وا هه‌ژار (نووسه‌ر و په‌روه‌رده‌کار)
29) د. توانا حەسەن (مامۆستای زانکۆ)
30) م. حمە علی معروف (شارەزای بواری پەروەردە)
31) د. سه‌ڵاح ره‌زا سه‌عید (مامۆستای زانکۆ)
32) د. ته‌لار عه‌لی ئه‌مین (مامۆستای زانکۆ)
33) دانا ڕەئووف (نووسەر و شانۆکار)
34) د. کارزان محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا (مامۆستای زانکۆ)
35) د. کاوه ڕه‌زا (مامۆستای زانکۆ)
36) یاسین ئه‌فتاو (نووسه‌ر و مامۆستای زانکۆ)
37) ئەرسەلان ڕەحمان (پسپۆڕی بواری ڕاگەیاندن)
38) سیروان حەمەڕەشید (توێژەری سیاسی و نوسەر)
39) دانا لەتیف شوانی (کۆمەڵناس)
40) دکتۆر سۆران حمەئەمین ئەحمد (سەرۆکی بەشی پەرەپێدانی پەروەردەیی زانکۆی سلێمانی)
41) حەسەن یاسین عەبدولڕەحمان (توێژەر و رۆژنامەنووس)
42) هیوا عومەر (نووسەرو رۆژنامەوان)
43) د. که‌نعان حمه‌غه‌ریب عه‌بدوڵڵا (مامۆستای زانکۆ)
44) د. یاسین غه‌فوور که‌ریم (مامۆستای زانکۆ)
45) ئازاد شوکر عه‌زیز (نووسه‌ر)
46) هیوا شێخ غەریب (ڕاوێژکاری یاسایی)
47) د. چیا محمد حسن) سەرۆکی زانکۆ)
48) د. محسین ئەدیب (توێژەر و ئەکادیمی)
49) د. ئاوات کەریم مستەفا (مامۆستای زانکۆ)
50) پەیام ئیبراهم (نووسەر و مامۆستا)
51) پ.ی.د. بەختیار عبید شریف (یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی)
52) فه‌یسه‌ڵ عه‌لی خورشید (ئابووریناس)
53) که‌مال ڕه‌ئوف (ڕۆژنامه‌نووس)
54) هاوکار عیزه‌ت میکه (ڕۆژنامه‌نووس)
