شارپرێس:
حزبی تەقەدوم کە لەلایەن
محەمەد حەلبوسییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، کاندیدکردنی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک
وەزیرانی داهاتوی عێراقی رەتکردەوەو دەڵێت، بەشداری لە حکومەتێک ناکەین کە مالیکی
سەرۆکایەتی بکات.
حزبی تەقەدوم لەڕاگەیەنراوێكدا
ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ سێشەممە کۆبونەوەیەکیان بەسەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی و بە
ئامادەبونی سەرکردەکانی حزبەکە ئەنجامدا و بەشداربوانی کۆبونەوەکە پەرۆشی خۆیان بۆ
سەقامگیری وڵات دوپاتکردەوە.
ئەوەشیخستەڕوو،"
هەڵوێستی خۆمان دوپاتدەکەینەوە کە پشتگیری و بەشداری لە حکومەتێک ناکەن کە لەلایەن
کەسانێکەوە سەرۆکایەتی بکرێت، کە یادەوەری شەڕی تائیفی و سەرهەڵدانی تیرۆر و قەیرانە
بەردەوامەکان بە بیری خەڵک بهێنێتەوە ".
حزبی تەقەدوم داوای لە
سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کرد، ئیرادەی نیشتیمانی لەبەرچاو بگرن و پێویستە سەرکردایەتی
حکومەتی داهاتوو کارا بێت لەسەر ئاستی نیشتیمانی لەڕێی پشتگیرکردنی سەرجەم پێکهاتە
سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان.