شارپرێس:
سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق، حەمید شەتڕی،
لە چاوپێکەوتنێژدا لەگەڵ ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی هۆشداری دەدات لە زیادبوونی
مەترسییەکانی داعش و ئاماژە بەوە دەکات کە ژمارەی چەکدارانی ئەم ڕێکخراوە لە سووریا
تەنیا لە ماوەی یەک ساڵدا لە 2000 کەسەوە بۆ نزیکەی 10000 چەکدار بەرزبووەتەوە.
ئەم
ئامارە زۆر لە خەمڵاندنەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاترە و هەڕەشەیەکی
ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی عێراق، چونکە نزیکەی 500 چەکداری داعش لەناو خاکی عێراقدا
ماونەتەوە.
شەتڕی ڕوونی کردۆتەوە کە داعش سوودی لە ناکۆکییە
ناوخۆییەکانی سووریا و جیابوونەوەی چەکداران لە گرووپەکانی وەک بەرەی نووسرە و ئەنسارولسوننە
و لایەنگرانی ئەحمەد شەرع وەرگرتووە بۆ بەهێزکردنی ڕیزەکانی.
هەروەک جەختی کردەوە کە ڕێکخراوەکە سەرکەوتوو
بووە لە ڕاکێشانی ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی هۆزە عەرەبەکان لەو ناوچانەی پێشتر لەژێر
کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکاندا بوون، ئەمەش وای کردووە مەترسیی هێرشی نوێ بۆ سەر عێراق
زیاتر بێت.