شارپرێس:
دوەم کاروانی هاوکارییە مرۆییەکانی خاچی
سوری نێودەوڵەتی و مانگی سوری سوری لە شاری حەلەبەوە گەیشتە کۆبانی، بەڵام ئەم
هەنگاوە لەچاو قەبارەی کارەساتە مرۆییەکەی ئەو شارەدا زۆر بە کەم دەبینرێت.
ئەم کاروانە تەنیا لە 5 بارهەڵگری پێداویستی
خۆراک، پزیشکیی و جلوبەرگی زستانە پێکهاتبوو، ئەمە لە کاتێکدایە کە دەیان هەزار خێزانی
دانیشتووی شارەکە و ئاوارەکانی دەوروبەری لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژین.
پێش ئەمەش لە 25ی کانوونی دووەمدا کاروانێکی
تری نەتەوە یەکگرتووەکان کە 24 بارهەڵگر بوو گەیشتبووە گوندەواری شارەکە، بەڵام گەمارۆی
توندی چەتەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی کە زیاتر لە هەفتەیەکە بەردەوامە، ژیانی لە
شارەکەدا پەکخستووە.
دۆخی
کۆبانی بەهۆی بڕانی تەواوەتی کارەبا، نەمانی سووتەمەنی بۆ گەرمکەرەوە و نەخۆشخانەکان،
و پچڕانی هێڵەکانی پەیوەندی گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، بە جۆرێک کە چەندین
منداڵ لەناو نەخۆشخانەکاندا گیانیان لەدەستداوە.
سەرمای توند و نەبوونی شوێنی حەوانەوە وایکردووە
ئاوارەکان تراکتۆرە کشتوکاڵییەکان وەک پەناگە بەکاربهێنن.
چاودێران باس لەوە دەکەن کە دۆخەکە کارەساتبارە
و پێویستی بە دەستێوەردانی بەپەلە هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە گەمارۆکە و دابینکردنی پێداویستییە
سەرەتاییەکان، چونکە ئەم هاوکارییە کەم و سیمبولییانە بە هیچ شێوەیەک وەڵامدەرەوەی
پێداویستییەکان نین.
ئاکۆ
عەبدوڵڵا ئاڵی