ئێران پەیامێكی توند ئاڕاستەی ئەمریكاو جیهان دەكات

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 532 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامی توندی وڵاتەكەی ڕاگەیاندو دەڵێت،"دەستوری ئێران رێگە بەدەستوەردانی دەرەکی نادات و هیچ هەژمونێکی خۆسەپاندنی لەهیچ لایەنێک قبوڵ ناکەین"، دەشڵێت،"ئەگەر ڕوبەڕوی هەڕەشەو جەنگیش ببینەوە، لەمافی پیتاندنی یۆرانیۆم پاشگەز نابینەوە".

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەکۆنگرەی  نەتەوەیی ناوەندی لێکۆڵینەوەو سیاسەتی نێودەوڵەتی ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر بەزمانی هێز قسە لەگەڵ گەلی ئێران بکرێت بەهەمان زمان وەڵامیان دەدرێتەوە، بەڵام ئەگەر بەڕێزەوە قسە لەگەڵ گەلی ئێران بکرێت، ئەوە بەزمانی ڕێزەوە وڵامیان دەدرێتەوە، چونکە هەر لەبنەڕەتدا کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای شکۆمەندییەوە لەلایەن رێبەری باڵا، ئیمام خومەینییەوە دامەزراوە.

ڕاشیگەیاند، ئەگەر ڕوبەڕوی هەڕەشەو جەنگیش ببینەوە، لەمافی پیتاندنی یۆرانیۆم پاشگەز نابینەوە، هەربۆیە هیچ هەژمونێکی خۆسەپاندنی لەهیچ لایەنێک قبوڵ ناکەین، چونکە دەستوری ئێران ڕێگە بەدەستوەردانی دەرەکی نادات، هەر پرسیارێکیش لەبارەی بەرنامەی ناوەکی هەبێت، ئێمە ئامادەین لەرێگەی دیپلۆماسییەوە وەڵام بدەینەوە، بەڵام ئامادە نین هیچ رێگەیەکی دیکە بگرینەبەر.

لەبارەی کۆکردنەوەی هێزی سەربازی لەدەریای عەرەب و ناوچەکە لەلایەن ئەمریکاوە، وەزیری دەرەوەی ئێران وتی،" کۆکردنەوەی هێزی سەربازی لەناوچەکە نامانترسێنێت، چونکە ئەرکی ئێمە دیپلۆماسی و جەنگە. 

عێراقچی ئاماژەی بەوەشکرد، بە هۆی ئەوەی لەگەڕی پێشوی دانوستانەکاندا ئەمریکاو ئیسرائیل ناپاکیان لەئێران کردوەو هێرشیانکرد، بۆیە ئەو ڕەفتارەی ئەمریکا بەخیانەتی دیپلۆماسی ناودەبەن و متمانەی تەواویان بەئەمریکا نییە. 

لەبارەی گەڕی نوێی دانوستانەکان، کە هەینی لەمەسقەت بەناڕاستەوخۆ بەڕێوەچوو، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران وتی،" دانوستانی ئەم دواییەی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا تەنیا لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیدا چڕبوەتەوەو ڕەتیشیکردەوە هیچ دۆسییەکی دیکەیان باس کردبێت.