كەشناسی بەردەوامی بەفرو بارانی ڕاگەیاند

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 107 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی پێشبینی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی بۆ 48 كاتژمێری داهاتوو كاریگەری شەپۆلی باران بارین بەردەوام دەبێت.


بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە ئەمڕۆ یەکشەممە ئاسمانی هەرێم بەگشتی بەردەوام هەوری دەبێت و کاریگەری ئەو شەپۆلە باران بارینەی ڕوی لەناوچەکەمان کردوە بەردەوامی دەبێت.

ئاماژەشیكرد، باران بارین بەشێوەی نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێت لەسەرجەمی ناوچەکەمان لەهەندێ کاتدا کاریگەری باران بارین بۆ ئەمڕۆ کەمێک لاوازتر دەبێت بەراورد بەدوێنێ و لەزۆربەی کاتەکان ئاسمان هەر بەهەور دەمێنێتەوە لەگەڵ بونی تەم لەهەندێ کاتدا و کاریگەری تەم زیاتر دەبێت بەتایبەت لە اوچە شاخاوییەکان ، لەگەڵ بەفر بارینێکی کەم لەسەر لوتکەی شاخە بەرزەکان و ناوچە سنورییەکان.

پێشبینی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی پێشبینیشیكرد، کاریگەری شەپۆڵی باران بارین لەسەر ناوچەکەمان بۆ سبەی دوشەممە زیاد دەکات وکەشی ناوچەکەمان هەور دەبێت و باران بارین لەسەر تەواوی ناوچەکەمان دەبارێت. 

ڕونیشیكردەوە، ڕێژەی دابارین لەسنوری  ئیدارەی (سۆران و ڕاپەڕین و زاخۆ) زیاتر دەبێت و باران بە شێوەی بارانی مامناوەند و هەندێ کات لێزمە باران دەبێت وسەنتەری پارێزگای دهۆکیش ئەگەری باران بارینی بە لێزمەی هەیە وسەنتەری پارێزگای هەولێر سلێمانی كەركوك هەڵەبجە باران  لەسەر خۆ و نمە بارانی پچڕ پچڕی دەبێت و لە هەندێ کاتدا ئەگەری هەورە تریشقەش هەیە، لەگەڵ بەفر بارین لەسەر ناوچە سنوورییە  شاخاوییەکان.

لەبەرامبەردا ڕێژەی بارانبارینی 24كاتژمێری ڕابردوشی ئاشكراكردوە.