شارپرێس:
ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئەوە ئاشكرادەكات كە دۆخی كۆبانێ مەترسیدارەو دەڵێت،"کارەساتێکی تەندروستی و مرۆیی ڕودەدات".
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەڕاگەیەندراوێکیدا ڕایگەیاند، دۆخی مرۆیی لەشاری کۆبانێ بەشێوەیەکی مەترسیدار خراپ بوە، هەروەها شارەکە توانای لەخۆگرتنی ئەم شەپۆلە گەورەی ئاوارەکانی نەماوە، بەمەش دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی هاوڵاتیان و ئاوارەکان نزیکە بەتەواوی نەمێنێت لەهەمان کاتدا هۆشداری دەدرێت لەکارەساتێکی تەندروستی و مرۆیی.
ڕوانگەگە بڵاویشیکردوەتەوە، هەزاران ئاوارە لەکۆبانێ لەدۆخێکی زۆر سەختدا دەژین، بەدەست کەمیی خۆراک، ئاوی پاکی خواردنەوە و دەرمانەوە گرفتارن، هاوکات،بڵاوبونەوەی نەخۆشی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە، بەتایبەتی لەناو منداڵاندا، بەهۆی نەبونی شیری منداڵان و پێداویستییە پزیشکییە سەرەتاییەکان.
ئەوە باسدەكات، كە دانیشتوانی کۆبانێ و ئاوارەکان پشت بەئاوی بیرەکان دەبەستن، بەهۆی نەبونی سەرچاوەی ئاوی پاک، زانیارییە پزیشکی و مەیدانییەکان ئاماژە بەپیسبونی ئەم ئاوانە دەکەن بەهۆی تێکەڵبونیان لەگەڵ ئاوی ئاوەڕۆ، کە بوەتە هۆی ژەهراویبونی بەکۆمەڵ.
ئەوەش خراوەتەروو، كە ڕۆژانە نەخۆشخانەی گشتی کۆبانێ پێشوازی ل زیاتر لە 500 حاڵەتی ژەهراویبون دەکات کە زۆرینەیان منداڵ و ئافرەتن، ئەم کەسانە توشی ڕشانەوە، سکچون و ئازاری سک بون.
ئاماژەی بەوەشدا، بەشێکی زۆری نەخۆشخانەو بنکە تەندروستییەکانی کۆبانێ لەکارکەوتون، نەمانی گازوایل بۆ کارپێکردنی مۆلیدەکانیش یەکێکی دیکەیە لەو کیشەیە، کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژوری نەشتەرگەری و بەشەکانی چاودێری چڕ هەبوەو بوەتە هۆی ڕاگرتنی زۆرێک لەخزمەتگوزارییە پزیشکییەکان.
هەروەها، دامەزراوە تەندروستییەکان بەدەست نەبونی دەرمانی سەرەکی و پێداویستی پزیشکییەوە گرفتارن، وەک ماددەی بێهۆشکەرو دژەزیندەییەکان، ئەمەش وایکردوە کارمەندانی پزیشکی زۆرێک لەنەشتەرگەرییەکان دوابخەن یان هەڵیوەشێننەوە، کە ژیانی نەخۆشەکان، بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، دەخاتە مەترسییەوە.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ هۆشداری دەدات لەوەی وەستانی فڕنەکانی کۆبانێ دەبێتە هۆی قەیرانێکی سەختی ئاسایشی خۆراک.
