ڕاپۆرتێکی ڕوسی هۆشداریى به‌ئه‌مریكا ده‌دات له‌باره‌ى هێرشكردنه‌سه‌ر ئێران

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3019 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "ئیزڤێستیا"ی ڕوسی لەڕاپۆرتێکی شیکاریدا ئاماژە بەوەدەکات، ئێران پارویەکی ئاسان نییەو واشنتۆن لەبەردەم بەربەستی گەورەدایە بۆ بەکارهێنانی هێز دژ بەو وڵاتە.


ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ لەڕێگەی جوڵەی سەربازیی‌و هەڕەشەی توندەوە هەوڵی ناچارکردنی تاران دەدات بۆ دانوستان، بەڵام ناوەندە پیشەییەکانی ئەمریکا هۆشداریدەدەن لەهەنگاوی پەلەپەل.

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتەکە، گەورەترین مەترسیی بریتییە لەناسەقامگیربونی گشتگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و تێکچونی بازاڕی وزەی جیهانی، بەشێوەیەک ئەگەر شەڕ ڕوبدات، ئەگەری داخستنی گەروی هورمز لەلایەن ئێرانەوە هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت کە تەواو پێچەوانەی خواستی ترەمپە بۆ دابەزاندنی نرخ بۆ 50 دۆلار.

هەروەک دەڵێت، "لایەنێکی دیكه‌ى جیاکەرەوەی ئێران ئەوەیە کە بەهۆی سروشتی ئایدیۆلۆژیی‌و ئایینی ڕژێمەکەیەوە، گۆڕینی کەسی یەکەمی دەسەڵات کێشەکە چارەسەرناکات، چونکە هەر کەسێکی تر بێتە شوێنی، هەمان دیدگاو دوژمنایەتیی بۆ واشنتۆن دەبێت".

لەکۆتاییدا ڕاپۆرتەکە جەخت لەڕەهەندی ئەتۆمیی دەکاتەوەو ئاماژە بەوەدەدات، ئەزمونی مێژویی فێری ئێرانی کردوە تەنها چەکی ئەتۆمی دەتوانێت ڕێگریی لەهێرشی ئەمریکا بکات، بۆیە ئەگەری هەیە تاران پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای سەربازیی ئەتۆمی بکاتە لەپێشینەی کارەکانی بۆ پاراستنی مانەوەی خۆی.