گۆڕان: هەمومان لەبەردەم بەرپرسیارێتیەکی دژوارداین

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 221 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
بزوتنەوەی گۆڕان دوای بەستنی کۆنفرانس لەراگەیەندراوێکدا دەڵێت، لە ئەمڕۆوە، هەمومان لەبەردەم تاقیکردنەوە و بەرپرسیارێتیەکی قورس و دژوارداین.

لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئەمڕۆوە، هەمومان لەبەردەم تاقیکردنەوە و بەرپرسیارێتیەکی قورس و دژوارداین، ئەو ئاڵنگاریانەی هەن پێویستیان بەخستنەگەڕی توانای هەڵسوڕاوان و کەسایەتی و گۆڕانخوازانە، بەشێوەیەک هەمومان بەیەکەوە کارنامەی داهاتومان لەسەر بنەمای خۆنوێکردنەوە و ڕێکخستنەوەی پەیکەری ڕێکخراوەیی و ئۆرگانەکان دابڕێژینەوە.


راگەیەندراوی پەسەندکراوی کۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان

هاونیشتمانیانی خۆشەویست..
هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازان..
ئەندامانی کۆنفرانس..

رۆژی دوشەمە، ١٦ی شوباتی ٢٠٢٦، بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرپەرشتی جێگری سەرۆکی کۆمسیۆن و فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسیەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆنفرانسی دامەزراندنی گرێدا، تێیدا دوای پەسەندکردنی دەستوری رێکخراوەیی، بەڕێز دانا ئەحمەد مەجید، وەک رێکخەری گشتی و ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی هەڵبژاردران.

ئەم پێشهاتە لەکاتێکدایە، دوای زیاتر لە ساڵێک لە ڕوبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە یاساییەکان و تێپەڕاندنی دوو کۆنفرانسی بێ ئەنجام، بە ئیرادەیەکی گۆڕانخوازانە و پەسەندکردنی ڕیکارە یاسایی و قانونیەکان، کارەکانی کۆنفرانس کۆتایی هات و لاپەڕەیەکی نوێمان لە خەباتی سیاسی و مەدەنی و ڕێکخراوەیی هەڵدایەوە. 

سەرکەوتنی کۆنفرانس، لەلایەک دەستکەوتێکی ڕێکخراوەییە، لەلایەکی دیکەش هەوڵێکە بۆ گەڕانەوەی ئومێد و متمانە و ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی گۆڕانخوازان. بەتایبەت کە بەدەنگی ئەندامانی کۆنفرانس دەستورێکی نوێی ڕێکخراوەیی پەسەند کرا، کە لەگەڵ خواستەکانی گۆڕانخوازان تەبایە و ئەرکی نوێی رێکخراوەیی بەسەرماندا سەپاندوە.

هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازان..

لە ئەمڕۆوە، هەمومان لەبەردەم تاقیکردنەوە و بەرپرسیارێتیەکی قورس و دژوارداین، ئەو ئاڵنگاریانەی هەن پێویستیان بەخستنەگەڕی توانای هەڵسوڕاوان و کەسایەتی و گۆڕانخوازانە، بەشێوەیەک هەمومان بەیەکەوە کارنامەی داهاتومان لەسەر بنەمای خۆنوێکردنەوە و ڕێکخستنەوەی پەیکەری ڕێکخراوەیی و ئۆرگانەکان دابڕێژینەوە، هاوکاتیش نیگەرانییەکانی ئەو هاوڕێیانە لەبەرچاوبگرین، کە هۆڵی کۆنفرانسیان بە جێهێشت، سەرکەوتنی کۆنفرانس هی ئەوانیشە و گۆڕان ماڵی هەموانە.

لە کۆتایدا، ئەرکی سیاسیی و ڕێکخراوەیی ئێمە بەرامبەر پرۆسەی سیاسیی و هەنگاونان بۆ بەهێزکردنەوەی گۆڕان، وەک هێزێکی مەدەنی و چاکسازیخواز، بۆ چەسپاندنی چاکسازی و دادپەروەری و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا لێرەوە دەست پێدەکات. هیوادارین هەمو کارەکتەر و دەستەبژێری سیاسیی خەمخۆر بۆ گۆڕان و خەباتی مەدەنی هاوکارمان بن و بەیەکەوە بناغەی کاری نوێی سیاسیی بۆ خزمەتی هاوڵاتیان و پرۆسەی سیاسیی دابنێین.

بزوتنەوەی گۆڕان
١٧ی ٢ی ٢٠٢٦