شارپرێس:
پێگەی "ئەلحوڕە"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا تیشکی خستۆتە سەر
کۆبوونەوەیەکی چارەنووسسازی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا،
کە تێیدا مژارە سەرەکییەکە بریتی بووە لە داڕشتنی ستراتیژییەتی واشنتۆن بەرامبەر
سووریای دوای ئەسەد، بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاشكراكیردوە، كە سوكردنی سزاكانی سەر سەرع مەرجدارە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە دەسەڵاتدارانی
ئەمریکا چیتر سزاکان تەنها وەک ئامرازێکی سزادان نابینن، بەڵکو گۆڕیویانە بۆ کەرەستەیەکی
گوشاری سیاسی کە هەنگاو بە هەنگاو و لە بەرامبەر دەستکەوتی بەرجەستەدا کەم دەکرێنەوە.
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی
ئەمریکا بۆ "ئەلحوڕە" جەختی کردۆتەوە کە سووککردنی سزاکان بە واتای ئاساییکردنەوەی
پەیوەندییەکان نایەت، بەڵکو پرۆسەیەکی مەرجدارە و بەستراوەتەوە بە کردەوەی چەسپاو
کە لەسەر زەوی هەستی پێ بکرێت.
ئەم کۆبوونەوەیەی کۆنگرێس کە ژێر ناونیشانی "سووریا لە بەردەم دووڕیاندا"
بەڕێوەچوو، چوارچێوەیەکی روونی بۆ حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع دیاری کردووە، بەجۆرێک ئەمریکا
لە ڕێگەی "پێنج خاڵی بەشدارییەوە" داوای بنبڕکردنی هەژموونی ئێران، تێکشاندنی
یەکجاریی داعش، پاراستنی کەمینەکان و یەکخستنەوەی هێزە چەکدارەکان لەژێر چەتری دەوڵەتدا
دەکات.
یەکێک لە خاڵە هەرە هەستیارەکان کە
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، پرسی ئاوەدانکردنەوەیە؛ بە جۆرێک کە خەمڵاندنەکان باس لە تێچووی
216 ملیار دۆلار دەکەن، بەڵام جەیمس جێفری باڵیۆزی پێشوو ڕایگەیاندووە کە ئەم پاڵپشتییە
داراییە تەنها کاتێک دەست پێ دەکات کە حکومەتی نوێی سووریا لە جێبەجێکردنی داواکارییە
نێودەوڵەتییەکاندا سەرکەوتوو بێت.
لە لایەکی ترەوە، واشنتن هۆشداری دەدات کە ناتوانرێت سەقامگیری تەنها لە ڕێگەی
هێز و سەپاندنی دەسەڵاتی ناوەندییەوە بەدەست بهێنرێت. بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوە هۆشداریی
ئەوەی داوە کە ئەگەر حکومەتی نوێ پەنا بۆ هێز ببات بۆ کۆنترۆڵکردنی وڵات، ئەوا نابێت
چاوەڕوانی هیچ هاوکارییەکی دارایی بێت.
هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە دەرکردنی
میلیشیا ئێرانییەکان مەرجێکی بنەڕەتی و بێ ئەملاولا و ئەولای هەر پەیوەندییەکی جێگیرە
لەگەڵ ئەمریکا.
لە کۆتاییدا، پەیامی ناوەندە سیاسییەکانی ئەمریکا ئەوەیە کە یاسای قەیسەر و
سزاکان هێشتا وەک چەکێکی ئامادە ماونەتەوە و ئەگەر دیمەشق لەو ڕێڕەوە لابدات کە بۆی
دیاری کراوە، ئەوا بە خێرایی دەگەڕێنرێتەوە بۆ ناو بازنەی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی،
چونکە هێشتا ڕێڕەوی گۆڕانکارییەکان لە سووریادا بە تەواوی گەرەنتی نەکراون.