نووسەرو یاسایی سلێمان مستەفا حەسەن:
ئاینی ئیسلام لە بنەڕەتدا بانگەوازێکە بۆ دادپەروەری و ڕەحمەت
و ڕێزگرتن لە مرۆڤ. قورئانی پیرۆز مرۆڤەکانی وەک نەتەوە و گەلی جیا ناساندووە، نەک
وەک یەک نەتەوە، نەک وەک نەتەوەی سەردەست و ژێردەست. بەڵام ئەوەی لە مێژووی سیاسی
جیهانی دەوڵەتانی ئیسلامی و ڕێکخراوی یەکێتیی زانایانی ئیسلامی جیهانیدا بینراوە،
زۆر جار جیاوازە، ئیسلام وەک باوەڕ مانایەکی ئایینی هەبووە، بەڵام ئەوان وەک سیستەمێکی
دەسەڵات، زۆر جار بووە ئامرازێکی داگیرکەری، بە تایبەت بەرامبەر بە نەتەوەی کورد.
کورد نموونەیەکی ڕوونە بۆ ئەم جیاوازییە. تورک، عەرەب و
فارس، بەناوی ئیسلام و بە قسەی، ئوممەتی یەکگرتوو، وڵاتی کوردیان داگیر کردووە و
مافی سەربەخۆیییان لێ ستاندووە، نکۆڵی لە بوون و ماف و زمانی دەکەن. ئەوان هەرگیز
کوردیان وەک هاوباوەڕی یەکسان نەبینیوە، بەڵکوو وەک ژێر دەستە، لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا
بمێنێتەوە، هەر بەوەش نەوستاوەن بەڵکوو بە تۆمەتی جیاجیا تاوانبار دەکرێن لە وانە،
جوداخواز و نەوەی جنۆکە و دۆستی ئیسرائیل و کوردی کێوی و هاوردە و... لەم پرۆسەیەدا
بۆ کورد، ئایین نەبووەتە ئامرازێکی ڕێزگرتن، بەڵکوو بووەتە ئامرازێک بۆ داگیرکەری،
ئەنفال، و کیمیاباران، ڕاگوازتن و سرینەوە تا کار گەیشتە جینۆسایدکردنی.
بۆیە لە مێژووی هاوچەرخی کورددا، وشەی ئەنفال بە تاڵترین
شێوە واتایەکی پڕ ئازار و کارەساتباری لە بیرەوەری ئێمەی تاک بە تاکی کورددا دروست
کردووە. ئەوەی لە قورئانی پیرۆزدا هەیە، هیچ پەیوەندییەکی بە کوشتنی ژن و منداڵ و
جینۆساید کردنی نەتەوەیەکەوە نییە. بەڵام کاتێک دەسەڵاتداران، نوخبە و زانایان ئایین
دەخەنە ژێر دەستی دەسەڵات، وشەکان دەگۆڕێن بۆ داگیرکاری. لەو ساتەدا، تاوان و جینۆساید
هۆکار و زەمینە و پاساوی جیا جیای بۆ دا دەتاشرێت و بەرگی ئایینی لەبەر دەکرێت گەلی
کورد و مرۆڤایەتی پێ جینۆساید دەکرێت.
تەنانەت لەم کارە پڕ تاوانکاریەیان ئایەتی قورئانیشیان بەکارهێنا
بۆ جینۆساید کردنی گەلی کورد، وشەی ئەنفال کە لە قورئانی پیرۆزدا واتای دەستکەوتی
شەڕ و پاراستنی مافی گشتی هەیە، بەڵام لە دەستی دەسەڵاتدارانی تاوانکاردا گۆڕا بۆ
جینۆساید کردنی گەلی کورد ( کیمیاباران، ئەنفال، ڕاگوازتن) ئەو کردەوانە تاوانی
ئابڕووبەر بوون دژ بە مرۆڤایەتی، نەک تەنیا دژ بە نەتەوەی کورد.
بەڵام ئەوەی تاڵترە ئەوەیە، لەو کاتەدا ٢٣ دەوڵەتی عەرەبی
و ٥٧ دەوڵەتی بە ناوی ئیسلام، هەڵوێستێکی ڕوون و ئەخلاقیان نەبوو بەرامبەر مەزڵوومەیت
و دۆزی کورد. تەنانەت ساڵی ١٩٨٨، کۆنگرەی یەکێتیی زانایانی ئیسلام کە دەبێت دەنگی
ئایین و ئەخلاق، و دەنگی زوڵملێکراوان بێت، بەڵام لەو کۆنگرەیە هەموویان کەڕ و لاڵ
و کوێر بوون. لەم بارەیەوە، گەورە توێژەرە لێکۆڵەری تورکیا د.ئیسماعیل بێشکچی لە
کتێبی کوردستان؛ کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتییە، دەڵێت؛ لە ١٦/ ٣/١٩٨٨ ڕژێمی عێراق بە چەکی
کیمیایی هەڵەبجەی بۆردوومان کرد، لەم بۆردوومانە (٥،٠٠٠) کەس لە ژن و منداڵ و پیر
و لاوی کورد بوونە قوربانی، بێشکچی دڕیژە بە نووسینەکەی دەدات و دەڵێت کۆنفرانسی
باڵای ئیسلامی لە ڕۆژی ٢٠ی ئازاری ١٩٨٨ بەڕێوەچوو، لەو کۆنفرانسە بە ڕاپۆرت زۆر بە
وردی گفتوگۆی لەسەر هەموو ئە بابەتانە کرد کە پەیوەندییان بە ناوچەکەوە هەبوو، هەر
لە مەسەلەی ئەفغانستانەوە تا مەسەلەی فەلەستین و لەوێوە بۆ جەنگی عێراق ئێران و لەوێشەوە
بۆ هێنانەدی مافی تورکمانەکانی بولگاریا، ئینجا بڕیاریشیان لەبارەوە درا، بەڵام بەکۆمەڵ
کوشتن و کیمیایی باران کردنی هەڵەبجە و ناوچەکانی تر، هەروەها ڕاگوازتن و ئەنفال کردنی
کوردان تەنانەت بە وشەیەک نەک ئیدانە و سەرزەنشت نەکرا بەڵکوو باسیشیان لێوە نەکرد،
درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت لەو کۆنگرەیەدا، یەکێتیی سۆڤیەت و ئیسرائیل و
بولگارییە تاوانبار کران و سەرکۆنە کران، چونکە ڕووسیا لە ئەفغانستان بوونی هەبوو،
گوایە تورکمانەکانی بولگارییە دەچەوسێنرێنەوە و ئەمریکا و ئیسرائیلە دژایەتی دەوڵەتی
فەلەستین دەکەن، بەڵام هیچ کەسێک بیری لەوە نەکردەوە سەرکۆنە و سەرزەنشتی سەدام و ڕژێمەکەی
بکات.
ئەم تاوانانە تەنیا نەبوون بەڕابردووی مێژوویی شووم، بەڵکوو
ساڵی ٢٠١٤، داعش بە ناوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق، جینۆسایدی کوردانی ئێزدی کرد،
ژن و منداڵانی فرۆشتن و کردنی بە سەبایە، هەزاران لە گەنجان و پیاوانیشی زیندە بەچاڵکرد
و شەهیدی کردن، تا ئەمڕۆش بە هەزارن لە قوربانیانی شەنگال بێ سەرو شوێنن، دەبێت
نادادی و شەرمەزاری گەورەتر لەوە چیبێت. پرسیاری گرنگ هەر بە ڕاست ئەمە ئیسلامە؟ یان
داگیر کەرانی کوردستانن بە ناو و بەرگ و شێوازی جیا درێژ بە داگیر کاری و جینۆسایدی
کورد دەدەن. هەروەها لەم ڕۆژانەدا لە سەرەتای مانگی دووی ساڵی ٢٠٢٦ لە سووریا،
دووبارە دەنگی هەڕەشە و داوای ئەنفال و فتووحات وتەکبیر دژ بە کورد دەبیسترێت، لەسەر
زاری موفتی گەورەی سووریا و وەزیری کاروباری ئایینی سووریا، لەهەمان کاتدا جیهانی
عەرەبی، شەقامی عەرەبی، مێدیای عەرەبی دەورێکی زۆر کارەساتبار و خەراب و پر فتنەیان
نواند، میلیشاکانی سەربە تورکیا بەشداری هەموو ئەو شەرو نەهامەتیانەیتان کرد، ئەمە
نیشانەی ئەوەیە کە هێشتا ئایین وەک چەکێکی ئامادە لە لایەن بکەرەکان دژ بە گەلی
کورد بەکار دەهێنرێت، بۆ قڕ کردنی، بۆ داگیر کردنی خاکەکەی بۆ تاڵانکردنی سەروماڵی
بۆ سڕینەوەی مێژوو و کولتووری، هەڕەشە و مەترسییەکە هەمیشە ئامادەیە.
کەس نکۆلی لەوەناکات کوردستان لە رێکەوتنی شوومی لۆزان
دابەشکرا ، بەلام کارەساتی گەورە ئەوەیە، ئەوانەی کوردستانیان داگیر کردووە، بە
ناوی ئیسلام قسە دەکەن، چەمکێکی ئایینی ئیسلام بەکار دەهێنن بۆ ڕەوایەتی دان بە ئەنفال
و جینوسایدکردن، بەڵام کار بە قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەر (د.خ) ناکەن. خودای
گەورە لە سوورەتی (ئەلحەجەرات) ئایەتی (١٣) دەفەرموێت:
ئێمە ئێوەمان لە گەل و نەتەوەی جیاواز دروست کردووە بۆ ئەوەی
یەکتر بناسن، ئەم ئایەتە جیاوازی و ڕێزگرتن لە نەتەوەکان دەکاتە بنەما، نەک داگیرکاری
و جینۆسایدکردن و ئەنفال کردن، هەروەها پێغەمبەری مەزن (م. د.خ) دەفەرموێت:
ئەو کەسەی شتە باشەکان بۆ براکەی وەک خۆی نەخوازێت، موسڵمانی
تەواو نییە.
ئەم فەرموودەیە ڕوونە: موسڵمان بوون بە کردارە، نە بە
دروشم. بەڵام لە پراکتیکدا، زۆر جار کورد لە لایەن تورک، عەرەب و فارسەوە وەک نەتەوەیەکی
نەوی جنۆکە ناسراوە؛ نەتەوەیەک کە دەبێت بێدەنگ بێت و مافی خۆی داوا نەکات. ئەمە
دژ بە ڕۆحی ئیسلام و ئوممەی ئیسلامە لای ئەوان، ئەگەر نا تۆمەت ئامادەیە، پاساو
ئامادەیە بۆ ئەنفال کردن و داگیرکاری، لەکاتێکدا ئایینی پیرۆزی ئیسلام دژی مافی
چارەی خۆنوسینی گەلان نییە.
گەلی کورد بە درێژایی مێژوو کەوتووەتە بەر شاڵاوی سرینەوەو
داگیرکاری، شاراوە نییە گەلی کورد لە چەندین پێکهاتەی ئایینی و مەزهەبی پێکهاتووە،
کوردستانیش هەمیشە لانکەی پێکەوە ژیان بووە و جیاوازی ئایینی و مەزهەبی خاڵی ناکۆکی
ناو کۆمەڵگای کوردستانی نەبووە، هەروەها کورد هیچ کاتێک دەمارگری و پەرگیر نەبووە،
ڕاستە زۆرینە موسڵمانە بەڵام موسڵمانێکی کوردی، کە پێشەواکانی سەڵاح دین ئەیووبی و
مەلای جەزیری و ئەحمەدی خانی و ناڵی و مەحوی و مەلای گەورە و زەڵمی و مودەڕیس و دیان
تر بوون، ئەوانە هەمیشە بۆ سەربەرزی نەتەوەی کورد تێکۆشاون و دەنگینا هەڵبڕیوە، بەڵام
قەت بازرگانیان بە ئایینەوە نەکردووە و نەبوونەتە بەردەباز بۆ دوژمنان، بۆیە گەلی
ئێمە دەتوانێت بە سەربەرزییەوە شانازی بە موسڵمانی بوونییەوە بکات، موسڵمانی و دینداری
ڕەسەنی کوردیی بێ هاوتایە لە خودا پەرستی و ڕۆحانیەت، ئێمەی کورد ئایینی پیرۆزی ئیسلام
لە ویژدان و مرۆڤ دۆستی و پێکەوەژیان و ئاکاری دایک و باوک باپیرانمانەوە بینوە و
دەبینین و ناسیومانە، بەڵام نابێت ڕێگا بدرێت دینداری کورد تێکەڵ بە ئەجێندای دەرەکی
بکرێت، بۆ بە کۆیلەکردنی کورد و درێژە دان بە داگیر کاری، بە کار بهێنرێت بۆ دژایەتی
پرسی نەتەوەی ستەم دیدە و بێبەش کردنی لە بوون بە خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی.
دین پەیوەندییەکی پاکە، پەیوەندی پاکی نێوان مرۆڤ و خودایە،
بەڵام نەتەوە، زمان، خاک، هەستی بەیەکەویی و بەهایە، ئازادی پەیوەندییە نێوان مرۆڤ
و ژیانە. نەتەوەیەک کە مافی ژیان و ئازادی نەبێت، ئیمانی ئازادیشی لە مەترسیدایە.
کۆتایی قسە:
قورئانی پیرۆز و کتێبە ئاسمانییەکان، ئەنفال بە ڕەوا
دانانێن، هیچ ئایینێک ڕێگا نادات مرۆڤ و نەتەوەی جیا، هەڵگری ئایینی جیا، مەزهەبی
جیا، زمانی جیا، ڕەنگی جیا، جینۆساید بکرێت و مافی ئازادی و هەڵبژاردنی مافی چارەی
خۆ نووسینی لێ زەوت بکرێت.
ئەگەر دەوڵەتانی ئیسلامی و یەکێتیی زانایانی ئیسلامی دەیانەوێت
ڕێزی خۆیان بپارێزن، دەبێت ڕووبەڕووی ئەم مێژووە پڕ شەرمەزارییە بوەستنەوە و هەڵوێستێکی
ئەخلاقی و دادپەروەرانە بگرنە بەر.
کورد دەتوانێت موسڵمانی ئازاد بێت و دژی داگیرکەران بوەستێتەوە.
ئەمە ناکۆک نییە لەگەڵ دینداری و ئیمان، بەڵکوو هەڵوێستێکی مرۆڤایەتی و ئایینی ڕاستە.
ئەوەی سەرنجڕاکێشە، هەموو ئەو تاوانانەی لەبەرامبەر کورد
و لەسەر کورد کراون، لە لایەن دەوڵەتانی ئیسلامییەوە کراون، سەرنج ڕاکێشتریش ئەوەیە
بێدەنگی جیهانی ئیسلامی و دەوڵەتانی ئیسلامییە لە بەرامبەریاندا. ئەو جیهانەی کە خۆی
بە (ئوممەتی ئیسلامی) ناساندووە، کاتی ئەوە هاتووە زانایانی ئایینی و یەکێتیی زانایانی
ئایینی کوردستان و نووسەرانی کورد بە دەنگی دلێر و زوڵاڵی کوردانە بێنە دەنگ، بەپلان
وبەرنامەی ستراتیژی، داوای ماف و ژیان و شکۆو یەکسانی لە دەوڵەتە بەناو ئیسلامەکان
بکەن، کاتی ئەوە هاتووە بەناوی گەلی کورد لە هەرچوار پارچە بە دەوڵەتانی ئیسلامی بڵین
داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکەن، لەبەرمبەر ئەو هەموو زۆڵم و ستەم و نادادییە بەناوی
ئایینی ئیسلامەوە کراون، بەرامبەر نەتەوەیەکی دابەشکراو داگیر کراو. کاتی ئەوە
هاتووە ڕێگە نەدەن نەیارانی کورد لەڕێگەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام دژایەتی دۆزی نەتەوەی
کورد بکات و ڕێگە لە کارە نەخوازراو و هاوردەکانیش بگرن، ئەوەی پێویست بوو دکتۆر عەلی
قەرەداخی بیکات و نەیکرد، دەرفەتێکی مێژووی بوو کە هەموو ئەو زوڵم و نا دادی و مێژووە
ڕەشە بەیان بکات، پەیامێکی کوردانە و موسڵمانانەی دروست و پاک بە گوێ جیهانی ئیسلامیدا
بدات و وازی لە کورسیە لەرزۆکەکە هێنابووایە و هەڵوێستێکی مرۆڤ دۆستانە و کوردانە
و موسڵمانانەی خۆی بۆ ئەبەد تۆمار بکردایە، دڵنیام دەبوو بە چرایەکی هەمیشەی لە
چاوی نەتەوەکەی، هەروەها لەچاوی مرۆڤ دۆست و ستەم دیدان.
