شارپرێس:
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، زیادکردنی بڕگە بۆ بەرنامەی کار "تێکدانی رێککەوتنە سیاسییەکانە" و هۆشداری لە قۆرخکاریی بڕیارەکانیش دەدات.
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت "ئەوەی لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا روویدا لە زیادکردنی بڕگە بۆ خشتەی کار، پێچەوانەی مادەی (37/دووەم)ی پەیڕەوی ناوخۆ و پێشێلکارییەکی ئاشکرای دەستوور و کۆدەنگی سیاسییە".
دەشڵێت، ئەم هەنگاوە بووەتەهۆی تێکدانی ئەو رێککەوتنە سیاسییانەی لەسەر بنەمای کۆدەنگی و هاوسەنگی لە دانانی پۆستە باڵاکانی دەوڵەت هەن، بۆیە رەتکردنەوەی یەکجارەکی خۆمان بۆ ئەو پێشێلکارییانە رادەگەیەنین".
هەروەها فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند "ناڕەزایی خۆمان بەرامبەر شێوازی بەڕێوەبردنی دانیشتنەکان لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران دەردەبڕین و رەتی دەکەینەوە، هۆشداریش دەدەین لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە رەفتارانە".