شارپرێس:
تەلەفزیۆنی CNN پەردە لەسەر وەرچەرخانێکی دراماتیکی لەناوەندی بڕیاری کۆماری ئیسلامی ئێران لادەبات، لەکاتێکدا تاران لەبەردەم گەورەترین هەڕەشەی سەربازیدایە، هەواڵگریی ئەمریکا ئاماژە بەوەدەکات، موجتەبا خامنەیی کوڕی ڕێبەری باڵا، لەناو ژورە داخراوەکاندا بوەتە ئەندازیاری سەرەکیی ستراتیژیی جەنگو پەیوەندییە نهێنییەکان لەگەڵ واشنتۆن، میدیاى ئهمریكیش ئاشكرایكردوه، "بەهۆی بریندارییەکی سەختەوە کە بەشێکی زۆری دەموچاوو دەستو قاچی گرتوەتەوە، لەژێر چارەسەری ورددایەو سێ نەشتەرگەریی بۆ کراوە".
سەرچاوە ئاگادارەکان زانیاریی سەرسوڕهێنەر دەدرکێنن، موجتەبا کە ئێستا وەک پیاوی بەهێزی پشت پەردە دەردەکەوێت، لەترسی سیخوڕییو چاودێریی، بەتەواوی لەجیهانی تەکنەلۆژیا دابڕاوە، ئەو نە مۆبایل بەکاردههێنێتو نە هیچ ئامێرێکی ئەلیکترۆنی، تەنها لەڕێگەی دیداری ڕوبەڕوو یان نامەبەری تایبەتەوە پەیامە هەستیارەکانی بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگ لەگەڵ ئەمریکا دەگۆڕێتەوە.
ئەم هەواڵانە لەکاتێکدایە کە باس لەدۆخی تەندروستی خامنەیی كوڕ دەکرێت، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، ڕێبەری باڵاى ئێستا، بەهۆی بریندارییەکی سەختەوە کە بەشێکی زۆری دەموچاوو دەستو قاچی گرتوەتەوە، لەژێر چارەسەری ورددایەو سێ نەشتەرگەریی بۆ کراوە، ڕاپۆرتهكان ئاماژه بهوهدهكهن، سهربارى ئەم دابڕانە جەستەییەی خامنهیى كوڕ، بهڵام هێشتا تەواوی جڵەوی ستراتیژیی وڵاتهكهى لەم ساتەوەختە هەستیارەدا لهدهستدایه.
لەکاتێکدا ناوخۆی ئێران بەدەست دابەشبونی سیاسییەوە دەناڵێنێت، موجتەبا خامنەیی وەک کارەکتەرێکی پۆڵاینو تەمومژاوی دەردەکەوێت، لەلایەک سەرپەرشتی بەرەکانی جەنگ دەکاتو لەلایەکی دیکەشەوە لەڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە خەریکی نەخشاندنی ڕێگەیەکە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا.
ئەم وەرچەرخانە ئاماژەیەکی ڕونە، سێبەری موجتەبا خامنەیی ئیتر تەنها سێبەری کوڕی ڕێبەر نییە، بەڵکو ئەو ئێستا نەخشەی داهاتوی ئێران لەناو جەرگەی ئاگرو دوکەڵی جەنگدا دەکێشێت.
