مەترسیی کارەساتێکی مرۆیی لێدەکرێت.. هەزاران کەشتیوان لەگەروی هورمز بێ خۆراک و دەرمان گیرییان خواردووە

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 195 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
ڕۆژنامەی "وول ستریت جۆرناڵ"لەراپۆرتێکدا  پەردەی لەسەر دۆخی سەختی ئەو دەریاوانانە لاداوە کە بۆ ماوەی زیاتر لە 2 مانگە لەناو کەشتییە بارهەڵگر و نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە، لە کاتێکدا پێداویستییەکانیان بەرەو نەمان دەچێت و هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ تێپەڕین دیار نییه‌.

 
رۆژنامەکە دەڵێت: نزیکەی 20,000 دەریاوان لەناو ئەو کەشتیانەدا لە بارودۆخێکی سەختدان و گەرووەکە گۆڕاوە بۆ "زیندانێکی ئاویی" گەورە، ئەوەش لە کاتێکدا کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا تەنیا پاسەوانیی ئەو کەشتیانە دەکەن کە ئاڵای وڵاتەکەیان هەڵگرتووە، کەناڵە نێودەوڵەتییەکانی فریاگوزاری پڕبوون لە هاواری ئەو دەریاوانانەی کە خواردن و ئاویان لێ بڕاوە.

دەریاوانەکان کە زۆربەیان خەڵکی فلیپین و ئەندۆنیزیان، لە ژێر فشاری دەروونیی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندا کاتەکانیان بە یاریی یان چاودێریکردنی هەواڵە سیاسییەکانی واشنتۆن و تاران بەڕێ دەکەن، جگە لەوەی پاشماوە و خۆڵ و خاشاک لە دەوروبەری کەشتییەکان کۆبووەتەوە و بارودۆخی تەندروستییان تێکچووە.

شارەزایان دەڵێن ئەم کرێکارە هەژارانە بوونەتە قوربانی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران، تەنانەت ئۆپەراسیۆنی "پڕۆژەی ئازادی" ئەمریکاش دوای 36 کاتژمێر وەستا و هەزاران کەسی لە نێوان مایەپوچبوونی کۆمپانیاکان و مەترسیی مردندا بەجێهێشت.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی، تا ئێستا بەلایەنی کەمەوە 10 دەریاوان کوژراون و زیاتر لە 30 کەشتی ڕاستەوخۆ بە مووشەک و درۆنی ئێرانی پێکراون. هەروەها زیاتر لە 2,000 داوای فریاگوزاریی تۆمارکراوە کە نیوەیان پەیوەندیی بە پێنەدانی مووچەوە هەیە.

دەریاوانەکان لە ڕێگەی پەیوەندی ڤیدیۆییەوە برین و سووتاوییەکانیان نیشان داوە و باس لە دەنگی تەقینەوە بەردەوامەکان دەکەن.

ئەرسینیۆ دۆمینگێز، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی، دەڵێت جیهان بایەخ بە دەریاوانەکان نادات و کەشتیوانیی کراوەتە ئامرازی گوشار.
بۆ ڕزگاربوونیش، هەندێک کەشتی ئاڵاکانیان گۆڕیوە یان لەسەر ئامێرەکانیان دەنووسن "تەواوی ستافەکە چینین"، هەندێکی دیکەش ئامێرەکانی پەیوەندی دەکوژێننەوە تاوەکو لەلایەن ڕادارەکانەوە دەستنیشان نەکرێن.


ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
https://www.aljazeera.net/news/2026/5/8/%D8%A7%D9%84%D8%A8%D9%86%D8%AA%D8%A7%D8%BA%D9%88%D9%86-%D9%8A%D9%86%D8%B4%D8%B1-%D9%85%D9%84%D9%81%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D8%AC%D8%B3%D8%A7%D9%85-%D8%A7%D9%84%D8%B7%D8%A7%D8%A6%D8%B1%D8%A9