شارپرێس:
لەگەڵ گەیشتنی وتووێژەکانی نێوان واشنتۆن و تاران بۆ قۆناغێکی یەکلاکەرەوە، گوشارە ناوخۆییەکانی ئێران لەلایەن ڕەوتێکی توندڕەو بە ناوی "بەرەی پایداری" یان "بەرەی خۆڕاگری" ڕوو لە زیادبوونە.
ئەم رەوتە هەوڵی شکستهێنانی هەر جۆرە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا دەدەن، لە کاتێکدا دەنگۆی جیاوازی لە ناوخۆی دەسەڵاتی ئێران و ناڕوونی لە دەوری ڕۆڵی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی، بڵاو بۆتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی CNN، بەرەی پایەداری کە بە "شۆڕشگێڕە باڵاکان" ناسراون، هێرشە میدیاییەکانیان دژی هەر نزیکبوونەوەیەک توندتر کردۆتەوە و پێیان وایە تەنها لە ڕێگەی "شکستپێهێنانی واشنتۆن" دەتوانرێت ڕێککەوتنێکی شیاو بەدەست بێت.
حەمیدڕەزا عەزیزی، توێژەر لە پەیمانگای ئەڵمانی بۆ کاروباری نێودەوڵەتیی، دەڵێت ئەم ڕەوتە بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل بە شەڕێکی ئەبەدی دەبینن و لە ڕووی ئایدۆلۆژیای ئاینییەوە زۆر توندڕەون.
ئەم گرووپە دانوستانکارانی ئێران، لەوانە محەمەد باقر قالیباف و عەباس عێراقچی، بە "ترسنۆک" و "خۆبەدەستەوەدەر" تۆمەتبار دەکەن.
مەحموود نەبەویان، پەرلەمانتاری سەر بەم بەرەیە، ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی مێژووی خراپی ئەمریکا و بوونی لایەنگرانی ڕێککەوتنە "شەرمەزارکەرەکەی" 2015 لە تیمی ئێستادا، هیوایەک بۆ ڕێککەوتن نییە.
چاودێران دەڵێن ململانێکە تەنها لەسەر ڕێککەوتنەکە نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ ئەوەی توندڕەوەکان خۆیان لە سەرووی بڕیارەکان بن تا هاوسەنگیی هێز لە ناوخۆی سیستەمەکەدا بگۆڕن.
هاوکات، هەواڵگریی ئەمریکا دەڵێت تەمومژێکی زۆر لە دەوری ناوەندی بڕیاردان هەیە. موجتەبا خامنەیی کە ڕۆڵێکی سەرەکی لە بەڕێوەبردنی شەڕ و وتووێژەکاندا هەیە، بەهۆی برینداربوونی لە هێرشەکەی 28ی شوباتی 2026 کە بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی باوکی، لە گۆشەگیریدا دەژی و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بەکارناهێنێت.
مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاندووە کە ڕژێمی ئێران بە توندی دابەش بووە و ئەم تێکچوونە کارگێڕییە دەبێتە ڕێگر لەبەردەم بڕیاردانی سیاسی.