بنكەیەكی نهێنی ئیسرائیل لەناو خاكی عێراقدا ئاشكرادەكرێت

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 539 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕۆژنامەیەكی ئەمریكی ئاشكرایدەكات، كە ئیسرائیل بنكەیەكی نهێنی لەناو خاكی عێراقدا دامەزراندوە.


ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لەڕاپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، كە ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازیی کاتی و زۆر نهێنی لەناوچەی بادیە دامەزراندوە کە دەكەوێتە نێوان پارێزگاکانی نەجەف و کەربەلا لەباشوری عێراق.

ڕۆژنامەکە لەزاری سەرچاوە هەواڵگرییە باڵاکانەوە ڕایگەیاندوە،" بنکەکە ئەندامانی هێزە تایبەتەکانی ئیسرائیل و تیمە تایبەتمەندەکانی فریاگوزاری لەخۆدەگرێت کە بەنوێترین کەرەستە پڕچەك كراون".

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، شوانێکی عێراقی گومانی لەجموجۆڵە سەربازییە نائاسایی و گوماناویەکان لەقوڵایی بیابانەکاندا کردووە و دەسەڵاتی ئەمنی عێراقی لێ‌ ئاگادار كردوەتەوەو سوپای عێراقیش جوڵەیان کردوه بۆ ڕوپێوی ناوچەکەو لێکۆڵینەوە لەو چالاکییە گوماناوییە.

سەرچاوەکان ڕونیان کردەوە، کە فڕۆکە ئیسرائیلیەکان راستەوخۆ دەستێوەردانیان کرد بۆ پاراستنی شوێنەکەو هێرشێکی ئاسمانییان کردە سەر هێزە عێراقیەكە بۆ ئەوەی نەتوانێت بگاتە نزیك بنکەکە و لەئەنجامدا سەربازێکی عێراقی كوژراو و ئۆتۆمبێلێکی سەربازی تێكشكێندرا.

بنکەکە وەک ناوەندێکی لۆجستی بۆ هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بەکارهاتووە و هێزە تایبەتەکانی تێدا جێگیر کراوە، ئەمەش وایکردووە ئیسرائیل دەستڕاگەیشتنی نزیکتری بۆ گۆڕەپانی جەنگ هەبێت.