رۆبیۆ: ئاماژەکان سەبارەت بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران ئەرێنین

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 153 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئاماژەی باش بۆ ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراندا هەن و جەختی کردەوە کە واشنتۆن ڕێگەی دیپلۆماسیی پێش دەخات، بەڵام ئەگەر لێکتێگەیشتن نەبێت بژاردەی تری هەیە.

 وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرپرسانی پاکستان ئێوارەی یەکشەممە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان سەردانی ئێران دەکەن و هیوای خواست کە نێوەندگیرییەکەیان ببێتە هۆی ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.

ڕۆبیۆ ڕوونیشیکردەوە کە پێشکەوتن لە دانوستانەکاندا هەیە، بەڵام ڕژێمی ئێرانی بە لێکترازاو وەسف کرد.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە ئیدارەی ئەمریکا دەیەوێت لەگەڵ تاران بگاتە ڕێککەوتن، بەڵام دۆناڵد ترەمپی سەرۆک بژاردەی دیکەی لەبەردەستدایە ئەگەر ئەوە سەرکەوتوو نەبێت.

لە هەمان کاتدا، ڕووبیۆ هۆشداری دا کە سیستەمی کۆکردنەوەی باج و ڕسوومات لە گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە دەبێتە ڕێگر لەبەردەم هەر ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسیدا و ناهێڵێت بگاتە ئەنجام.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی