شارپرێس:
تۆم باراک نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ سوریا و عێراق لەدوایین کۆبونەوەیدا
لەگەڵ مەزڵوم عەبدی لەهەولێر داوایکردوە هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە بپچڕێنێت
و تەواوی گەریلاکان لە رۆژئاوای کوردستان دەربکات.
كەناڵی "العربیة/الحدث" لە زاری سەرچاوەكانییەوە بڵاویكردوەتەوە،
تۆم باراك لە كۆبونەوەكەدا داوای لە مەزڵوم عەبدی كردوە هێزی دژە تیرۆری هێزەکانی
سوریای دیموكرات لە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق لە ناوچەکانی ژێر
دەسەڵاتی حکومەتی سوریا بەشداری بکات.
ئەوەشخراوەتەڕوو، باراک بۆ عەبدی و بارزانی جەختی لە تایبەتمەندی پێگەی
کورد كردوەتەوە لە سوریا کردەوە، لای خۆیەوە عەبدی وەڵامێکی ئەرێنی بۆ داخوازییەکانی
باراک دەربڕیوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، باراک داواشیکردوە پێش كۆتایی
ئەمساڵ پرۆسەی تێكەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا تەواوبكەن، لە
بەرامبەر بەردەوامی پشتیوانی ئەمریکا بۆ کورد لە سوریا.
هەر بەپێی ئەو زانیارییانە، لە کۆبونەوەکەدا باس لە دامەزراندنی هێڵی بۆری
نەوت کراوە لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق و پاڵاوگەکانی کوردستانەوە بۆ پاڵاوگەی بانیاس
لە کەناراوەکانی سوریا، کە بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد لە سوریا تێدەپەڕێت.
