"مۆدێلی حزبایەتی لەكوردستان" و "جووەکانى کوردستان".. ناونیشانی دوو کتێبی نوسەر بەرزان ئەحمەد كوردەیە

هەمەڕەنگ

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 28 جار خوێندراوه‌ته‌وه


"مۆدێلی حزبایەتی لەكوردستان" ناونیشانی كتێبێكە كە بەرزان ئەحمەد كوردە نوسیویەتی، ئەم كتێبە بەوردی دەچێتە ناو پنتەگرنگەكانی كایەتی حزبیایەتی و ستراكچەری پارتەكانەوە.

بەشێك لەكتێبەكە تەرخان كراوە بۆ كاریگەریەكانی سیستەمی جیهانی لەسەر ئەو پارتانەی كە نەیانتوانیوە خۆیان مۆدیرن بكەن و دواكەوتون.

نوسەر بەشێوەیكی ئەكادیمیانە پەنجەی خستۆتە سەر برین و كەمووكورتیەكانی  حزبەكانی باشوری كوردستان و باس لەو نەخۆشیی و پەتا حزبی و سیاسیانە دەكات، كە بوونەتە هەرەشەیەكی جدی لەسەریان.

"جووەکانى کوردستان"، ناونیشانی دوەم کتێبی نوسەر بەرزان ئەحمەد کوردەیە، کە تێیدا باس لە مێژوو و شوێنى نیشتەجێبوون و ژمارەى جووەکان دەکات لە سەر خاکى کوردستانى گەورە.

ئەم کتێبە پێکهاتوە لە چوار بەش و لە یەک بۆکسدایە، هەروەها زۆرینەى هەرە زۆرى جووى کوردستانى ئاماژە پێکردوون و شوێنەکانى دیاریکردوون، هەرلەسەر کەنداوى فارسەوە بۆ شارى ماکۆ و خۆى و کوردستانى ڕۆژهەڵات، هەروەها لە خانەقین و زاخۆ و قەڵادزێ و هەموو کوردستانى باشوریش، بە هەمان شێوە لەسەر هەموو خاکى کوردستانى باکور و کوردستانى ڕۆژئاواش.

 دەتوانرێت بگوترێت ئەم پەڕتووکە و ناوەڕۆکەکەى پێشینەى نەبووە و یەکەمجارە بە چوار بەرگ و ئاوا بەوردى ئەکادیمیانە باس لە مێژووى جووەکان کوردستانى گەورە بکرێت، تەنانەت نوسەر لەلایەنى ئایینى و دابو نەریتی جووەکانى کوردستانیشی کۆڵیوەتەوە و ئەو جیاوازییەى جووە کوردەکانى لەگەڵ جووەکانى دیکەى دنیادا دیاریکردووە، لە لایەکى دیشکەشەوە زۆر بە وردى ژمارە و شوێنی نیشتەجێبوون و ژمارەیانى لە هەموو ئاوایی و گوند و شارەدێ و شار و شارۆچکەکانى کوردستانى گەورەى بە داتا خستۆتە ڕوو.

ئەم کتێبە شایانى ڕێز و پێزانینە و کەلێنێکى گەورەى لە کتێبخانەى کوردیدا پڕکردۆتەوە، ساڵى (2025) بەچاپ گەیەنراوە و ژمارەى سپاردنى (1580) وەزارەتى ڕۆشنبیری پێدراوە.

ئەم كتیبە وەرگیردراوەتە سەرزمانەكانی ئینگلیزی و عەرەبیش