پەیامێکی به‌په‌له‌ بۆ حکومەتی هەرێم: ئیتر کاتی بێدەنگی کۆتاییهات‌و بەرگەی ستەمی دەسەڵات ناگیرێت

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 27270 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس:

لەوەرچەرخانێکی سیاسیدا، هێزە ناڕازییەکان‌و چالاکوانانی مەدەنیی، هه‌وڵه‌كانیان چڕكردوه‌ته‌وه‌ بۆ پێكهێنانى بەرەیەکی یەکگرتوو دژ بەسیاسەتەکانی دەسەڵات‌و هۆشدارییه‌كى توند دەدەنە حکومەتی هەرێم کە "ئیتر کاتی بێدەنگی کۆتاییهات‌و بەرگەی ستەمی دەسەڵات ناگیرێت"، ده‌ڵێن، "گوزەرانی هاوڵاتیان گەیشتوەتە ئاستێکی هێندە سەخت کە ئەگەری تەقینەوەی شەقامی لێدەکرێت".


له‌ڕاگەیەندراوێكدا، هێزە ناڕازییەکان‌و چالاکوانانی مەدەنیی، كه‌ له‌هه‌وڵێكى چڕدان بۆ پێكهێنانى بەرەیەکی یەکگرتوو دژ بەسیاسەتەکانی دەسەڵات، چەند هۆشدارییەکی ڕاستەوخۆیان ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی هەرێم كردوه‌و تێیدا، دەسەڵات هۆشیاردەکرێتەوە کە بێباکی بەرامبەر قەیرانەکان، فەزای گشتیی گەیاندوەتە لێواری بێهیوایی تەواو.

جەختکراوەتەوە، "ئیتر جیاوازییە لاوەکییەکان وەلانراون‌و بەرژەوەندیی خەڵک، لایەنە ناڕازییەکانی لەژێر یەک چەتردا کۆکردوەتەوەو هێزی مەزنی متمانەی مامۆستایانی ئایینی، میدیاکاران‌و ڕەوەندی کوردییان لەپشتە بۆ سەرخستنی ئەم ئەرکە".

بڵاوکراوەکە بەهۆنراوەیەکی هۆشیارکەرەوەی شێرکۆ بێکەس کۆتایی دێت کە ڕەخنە لە 2500 ساڵ یەکنەگرتویی کورد دەگرێت، بەڵام ئەمجارە وەک ئاماژەیەک بۆ کۆتاییهاتنی ئەو قۆناغەو دەستپێکردنی قۆناغی کرداریی دژی ستەمکاریی ناوزەد کراوە، چالاکوانان داوای گەڕاندنەوەی بەپەلەی متمانە دەکەن پێشئەوەی دۆخەکە لەکۆنترۆڵ دەربچێت.