شارپرێس:
لە لێدوانێکی نوێدا کە کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتەوە،
یسرائیل كاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە سوپای وڵاتەکەی ئامادەیی تەواوی
هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حەماس لە کەرتی غەززە و دواتریش جێبەجێکردنی
"پلانی کۆچپێکردن" بۆ زیاتر لە 2 ملیۆن دانیشتووی ناوچەکە، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی
نزیکەی 3 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی جەنگدا.
کاتس لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە تاوەکو ئێستا
ناوچەی ڕەفەح و ڕێژەی 70%ی خاکی کەرتی غەززە لە دانیشتووانەکەی چۆڵ کراون و ژێرخانی
سەربازیی حەماس تێکدراوە. ئەم قسانەی وەزیری بەرگری وەک وەڵامێک هات بۆ ڕەخنەکانی عوفر
وینتر، فەرماندەی پێشووی سوپای ئیسرائیل، کە گومانی لە کارایی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان
دروست کردبوو دوای کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای حەماس لە ڕەفەح.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل باسی لەوەش کرد کە تەلئەبیب ئامادەیە
ڕێگەی دەریایی و وشکانی بۆ ئاسانکاریی لە پرۆسەی دەرچوونی دانیشتووانی غەززە بەکاربهێنێت
و دەستپێکردنی ئەم هەنگاوەشی بەستەوە بە هاوکارییەکانی واشنتۆنەوە.
کاتس جەختی لەوە کردۆتەوە کە پرۆسەی کۆچکردنەکە "ئارەزوومەندانە"
دەبێت و زۆربەی هاووڵاتیانی غەززە خۆیان ئارەزووی جێهێشتنی کەرتەکە دەکەن. لەلایەکی
دیکەوە، ماێک هاكابی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل بونی هەر پلانێکی بۆ گواستنەوەی زۆرەملێی
هاووڵاتیان ڕەت کردەوە.