شارپرێس:
دەرەنجامەکانی ڕاپرسیی سەرەتاییی تەلەفزیۆنیی کەناڵە گەورەکانی ئیسرائیل، چەندین زانیاریى نوێیان لەپشکی پارتەکانی ناو پەرلەمان (کنێست) نیشاندا، ئەمەش پاش داخرانی دەرگای دەنگدان لە26مین خولی هەڵبژاردنەکاندا، زانیارییەکانی هەرسێ ڕاپرسییەکە یەکدەنگن لەسەر پێشەنگایەتیی پارتی (لیکۆد) بەسهرۆكایهتى بنیامین ناتانیاهۆ بەسەر پارتی (یهشار) بەسەرۆکایەتیی گادی ئایزنکۆت؛ ئەمەش پێچەوانەی سەرجەم ئەو پێشبینییانە بوو کە پێش هەڵبژاردنەکان دەکرانو کورسیی زیاتریان بەپارتی (یهشار) دەدا، بەڵام بەرەی ڕاستڕەو کە ناتانیاهۆ ڕێبەرایەتیی دەکات، لەدەرفەتی پێکهێنانی دەوڵەت (حکومەت) دورکەوتەوە؛ چونکە سەرجەم ئەو پارتانەی هاوپەیمانن لەگەڵیدا، دەرەنجامی کەمتریان بەدەستهێنا لەچاو ئەو پێشبینییانەی پێش هەڵبژاردنەکان بۆیان دەکرا.

هاوکات هەرسێ ڕاپرسییەکە پشتڕاستیانکردەوە، هەردوو پارتی (گهلی ئیسرائیل) بەسەرۆکایەتیی عۆفەر وینتەرو (پاسەوانەکانو ئابوریناسان) بەڕێبەرایەتیی یۆعاز هاندل نەیانتوانیوە ڕێژەی پێویستی دەنگەکان (3.25٪) ببڕن بۆ چونە ناو پەرلەمان.
بهگوێرهى ڕاپرسیی کەناڵی 12ی ئیسرائیل، پارتهكهى ناتانیاهۆ واته لیکۆد، 27 کورسیی بەدەستهێناوە وەک گەورەترین پارتی پەرلەمان، لەکاتێکدا پشکی پارتە هاوپەیمانەکانی بەمشێوهیهیه، ههشت کورسی بۆ پارتی (شاس)و شهش کورسی بۆ هەریەک لەپارتەکانی (یادوت هتۆراو عۆتزما یهودیت) بەسهرۆكایهتى بن غەفیرو سەهێۆنیزمی ئاینی بەسەرۆکایەتیی بێزالێل سمۆتریچ.
لەبەرەی ئۆپۆزسیۆنیش، پارتی (یهشار) توانیویهتى 20 کورسیی بهدهستبهێنێت، لەپاش ئەویش پارتی (پێکەوە) بەڕێبەرایەتیی نەفتالی بێنێت بە10 کورسی دێتو هەردو پارتی چەپڕەوی (دیموکراتەکان) بەسەرۆکایەتیی یائیر گۆلانو ئیسرائیل ماڵمانە بەڕێبەرایەتیی ئەڤیگدۆر لێبەرمان هەریەکەیان نۆ کورسییان بەدەستهێناوە، پارتە عەرەبییەکانیش پێکەوە بهگوێرهى ئەو ڕاپرسییە 18 کورسیی پەرلەمانیان هەیە؛ بەشێوهیهك، 11 کورسی بۆ لیستى هاوبەشو حهوت کورسیش بۆ لیستى عەرەبیی یەکگرتوو بەڕێبەرایەتیی مەنسور عەباس، بەم پێیەش، بەرەی گۆڕانکاریی بەڕێبەرایەتیی ئایزنکۆت كورسیهكانیان زیاتر دهكات.
ئەم دەرەنجامانە دەیسەلمێنن کە پارتی لیکۆد سەرەڕای ئەوەی گەورەترین هێزی پەرلەمانە، بەڵام بەڕێژەیەکی زۆر ناتوانێت دەسەڵات پێکبهێنێت، مەگەر ئەوەی سەرکەوتوبێت لەدروستکردنی درزو جیاکاریی لەناو پارتەکانی ئۆپۆزسیۆندا تاوهكو دڵنیایی لەبەدەستهێنانی 61 کورسی بکات، کە کەمترین ڕێژەی پێویستە بۆ پێکهێنانی دەسەڵات.
لەلایەکی دیكهوه، ئایزنکۆت کە نزیکترین کەسە بۆ پێکهێنانی دەسەڵات، ناچاردەبێت هاوپەیمانێتی لەگەڵ سەرجەم پارتە عەرەبییەکاندا بکات بۆ زامنکردنی دەرفەتەکە، یان هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەکێکیاندا بکاتو لانیکەم یەکدەنگ لەبەرەی ناتانیاهۆوە بۆ لای خۆی ڕابکێشێتو ههوڵى پێكهێنانى حكومهت بدات.
ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل ڕایگهیاندوه، دەستیكردوه بەجیاکردنەوەی دەنگەکان، بەتایبەت جیاکردنەوەی دهنگدانى تایبهت کە ژمارەیان دەگاتە 650 هەزار دەنگ؛ ئەم دەنگانەش سەرجەم ئەو کارمەندو کەسانە دەگرێتەوە کە لەدەرەوەی شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان دەنگیانداوە، وەک بنکەکانی سوپا، نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی دەرەوەی وڵات، نەخۆشخانەکانو گرتوخانەکان.
ئەم دەنگانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر نەخشەی دابەشبونی کورسییەکان دەبێت؛ چونکە ڕێژەیان بەبەراورد بەهەڵبژاردنی پێشوو 44٪ زیادیکردوە بەهۆی بڵاوبونەوەی بنکەکانی سوپا لەچوار ناوچەی دەرەوەی ئیسرائیلدا.
بهگوێرهى یاساى ئیسرائیلى، دواى ڕاگهیاندنى ئهنجامى فهرمیى ههڵبژاردن، ئیسحاق هێرتسۆگ سەرۆکی ئیسرائیل گفتوگۆکانی لەگەڵ نوێنەرانی پارتەکان دەستپێدەکاتو لەماوەی حەوت ڕۆژدا، ئەرکی پێکهێنانی دەوڵەت بەیەکێک لەئەندامانی پەرلەمان دەسپێرێت، ئەوکەسەی ڕادەسپێردرێت 28 ڕۆژی لەبەردەمدایەو سەرۆکیش دەتوانێت 14 ڕۆژی دیكهى بۆ درێژبکاتەوە، ئەگەر كاندیدى یەکەم سەرکەوتونەبوو، سەرۆک لەماوەی سێ ڕۆژدا ئەرکەکە بهئەندامێکی دیكهى پەرلەمان دەسپێرێت کە ئەویش 28 ڕۆژی لەبەردەمدا دەبێت بەبێ دەرفەتی درێژکردنەوە، ئەگەریش ئەم هەوڵە بێئاکامبوو، دەروازەیەکی 21 ڕۆژی واڵا دەبێت کە تێیدا 61 ئەندامی پەرلەمان دەتوانن بەنوسراو داوا لەسەرۆک بکەن ئەندامێکی دیكه ڕابسپێرێتو پاش ڕەزامەندیی ئەوکەسە، سەرۆک لەماوەی دوو ڕۆژدا فەرمانەکەی دەردەکاتو 14 ۆژ دەدرێتە كاندیدێكى نوێ، ئەگەر لەکۆتاییدا هیچ دەسەڵاتێک پێکنەهات، لەماوەی 90 ڕۆژدا هەڵبژاردنی نوێ بەڕێوەدەچێت.
