شارپرێس:
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاشکرایان کرد کە موحسن ڕەزایی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، پێشنیاری قەتەریی بۆ کردنەوەی کەناڵێکی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەنێوان دیپلۆماتکارانی ئەمریکا و شاندی ئێرانی ڕەتکردۆتەوە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە هەوڵە ناوچەییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ خێراتر بۆتەوە.
بەپێی ئەو سەرچاوانە، دەوحە هەوڵی داوە لە کاتی سەردانی دوایی شاندی ئێرانی بۆ قەتەر، پەیوەندییەکی نزیک لەنێوان شاندەکە و دیپلۆماتکارانی ئەمریکا ڕێک بخات، بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی پەیام لە ڕێگەی ناوبژیوانانەوە تێپەڕێت و ڕێگا بۆ دانوسـتاندنی ڕاستەوخۆتر خۆش بکات.
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە کە ڕەتکردنەوەکەی ڕەزایی ئەم هەنگاوەی ڕاگرت، بەڵام پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکان نەوەستان، بەڵکو قەتەر و پاکستان بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونەکان.
ئەوەش هاتووە: گفتوگۆکانی شاندی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی قەتەر لەسەر شێوازێک بۆ کردنەوەی دووبارەی گەرووی هورمز، بەرانبەر بە هەڵگرتنی بەشێک لە گەمارۆکان و سووککردنەوەی هەندێک سزای ئەمریکا، چڕ بوونەتەوە. جێبەجێکردنی پابەندییە هاوبەشەکانیش دەبێتە پێوەرێکی سەرەتایی بۆ دروستکردنی متمانە و دواتر چوونە ناو گفتوگۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
دیپلۆماتکارێکی ئاگادار لە هەوڵەکانی ناوبژیوانییەکە ڕایگەیاند کە شاندێکی قەتەری سەردانی تاران کردووە و لەگەڵ چەند لایەنێکی ناوخۆی دەسەڵاتی ئێران پەیوەندیی کردووە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەوەی کام لایەن دەستپێشخەریی یەکەم سازش دەکات و چی جۆرە گەرەنتییەک وەردەگرێتەوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، ناوبژیوانان پەیامی ئامادەیی ئەمریکیان گەیاندۆتە تاران بۆ پابەندبوون بە نەکردنەوەی هێرشی سەربازیی، ئەگەر لە کاتی دانوسـتاندنەکانی داهاتوودا ناکۆکی دروست ببێت، و گەڕانەوە بۆ ناوبژیوانی لەبری پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان.
هەروەک، ناوبژیوانان ئاماژە بە ئاراستەیەک لە تاران دەکەن بۆ گفتوگۆ لەسەر ڕێککەوتنێکی نزیک، کە بتوانێت دەستپێکی ڕێککەوتنێکی فراوانتر بێت؛ بەڵام ناکۆکییەکان لەسەر ڕیزبەندیی هەنگاوەکان، میکانیزمی جێبەجێکردن و گەرەنتییەکان بەردەوامن.
لە هەمان کاتدا، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران، دووشەممە ڕایگەیاند کە موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، دەسەڵاتی دیاریکراوی بە حکومەت داوە سەبارەت بە گفتوگۆکانی کۆتاییهێنان بە جەنگ.
تاران داوای گەرەنتیی کرداریی دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە کۆتوبەندەکانی سەر ئێران و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی، لەگەڵ ڕێککەوتن لەسەر هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز. لە بەرانبەردا، واشنتۆن دەیەوێت دڵنیابێت کە هەر سووککردنەوەیەکی گەمارۆکان بە پێشکەوتنی بەرچاو لە دۆسیە ئاسایشیی و ئەتۆمییەکان هاوڕێیە.
لەگەڵ ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە، نیگەرانییەکان لەوە زیاد دەکەن کە ئامادەکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هەلی گەیشتن بە ڕێککەوتن لاواز بکەن.