شارپرێس:
زۆرینەی سەرچاوە عێراقییە نزیکەکان لە هێزەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی"ی شیعە، ئاماژە بە قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکان و دەرکەوتنی نیشانەکانی دابەشبوون دەکەن؛ ئەمەش دەتوانێت لە ماوەی نزیک یان مامناوەندا ببێتە هۆی پەرتەوازەبوونی ئەم هاوپەیمانییە.
سەرچاوەکان ئاماژە بە بوونی دووبەرەکییەکی توند لەنێوان پێکهاتەکانی ئەم چوارچێوەیە دەکەن، کە بەهۆی جیاوازیی بۆچوونەکان لەسەر چەندین دۆسیە درووست بوون؛ لەوانە پەیوەندیی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکی حکومەت، کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە، قەیرانی دارایی و دابەشکردنی پۆستە حکومییەکان.
لە دوایین نموونەی ئەم ناکۆکییانەدا، خالید مەرسومی، ئەندامی هاوپەیمانی "ئاوەدانیی و گەشەپێدان" بە سەرکردایەتیی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکی پێشووی حکومەت، داوای دادگاییکردنی نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانی "دەوڵەتی یاسا"، کرد.
مەرسومی، مالکیی بە تێکدانی کۆمەڵگە و بڵاوکردنەوەی دووبەرەکیی تۆمەتبار کرد و ئاماژەی بە کەوتنی نزیکەی یەک لە سێی خاکی عێراق لەسەر دەستی داعش لە ساڵی 2014 کرد، کاتێک مالکی سەرۆک وەزیران بوو. لەبەرانبەردا هیشام ڕوکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی مالکی، ئەم تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و رایگەیاند کە دوورویی و موزایەدەکردن بەسە.
هاوپەیمانی "ئاوەدانی و گەشەپێدان" هەفتەی ڕابردوو بەشداریی لە دانیشتنەکانی پەڕلەمان هەڵپەسارد ئەویش ئەوەی ناویانناوە" سەرپێچیی سیستماتیکی و ڕەفتارە نابەرپرسیارانەی کە هەندێک لە پەرلەمانتاران کە دەکەونە چوارچێوەی هەڵمەتە خراپەکارییە زیانبەخشەکان و بە ئامانجگرتنی سیستماتیکی هاوپەیمانی (ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان)."
سەرچاوە نزیکەکانی حکومەت و چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێن هەندێک لە هێزەکانی ئەم چوارچێوەیە پشتگیریی زەیدی دەکەن، بەڵام لایەنەکانی دیکە هەوڵ دەدەن بەڕێوەبردنی وڵاتەکەی بخەنە ژێر پرسیارەوە و ڕێگریی لە هەوڵەکان بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی گرووپە چەکدارییەکان بکەن. سەردانی زەیدی بۆ سووریا و ململانێ لەسەر پۆستە حکومییە بەتاڵەکانیش بوونەتە هۆی زیادبوونی ناکۆکییەکان.
ئیحسان شەمەری، ئەکادیمی و سەرۆکی "ناوەندی بیرکردنەوەی سیاسی"، پێی وایە ململانێی سەرکردایەتیی، بەتایبەتی لەنێوان مالکی و سودانی، لەگەڵ جیاوازیی بۆچوون لەسەر گەندەڵی و چەک، مەترسیی دابەشبوونی چوارچێوەی هەماهەنگیی زیاد دەکەن.
شەمەری هەروەک هۆشداریی دەدات کە ئەگەر ئیدارەی دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فشار و سزا بەرانبەر بە گرووپە چەکدارییەکان زیاد بکات، ناکۆکییەکان قووڵتر دەبنەوە.
بە بۆچوونی ئەو، ئێران هۆکارێکی دەرەکیی گرنگە بۆ پاراستنی یەکگرتوویی چوارچێوەی هەماهەنگی، چونکە مانەوەی ئەم هاوپەیمانییە نفووزی تاران لە بڕیاردانی عێراقدا بەهێز دەکات، بەڵام گۆڕانکارییەکی گەورە لە ناوخۆ یان ناوچەکە، بەتایبەتیی پەرەسەندنی شەڕی ئەمریکا و ئێران، دەتوانێت ببێتە هۆی دابەشبوونی ئەم چوارچێوەیە.