شارپرێس:
بەپێی هەواڵێکی میدیای نزیک لە یەکێتی نیشتیمانی
کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان بەڵێنی پێدانی وەزارەتێکی کابینەی داهاتوی بە
حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان داوەو بڕیارە کوڕەکەى محەمەدى حاجى مەحمود بکرێتە وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان.
میدیای نزیک لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەزاری سەرچاوەیەکییەوە بڵاویکردەوە، پارتى بەڵێنى بە محەمەد حاجى مەحمود،
سەرۆکى پارتى سۆسیال دیموکراتی کوردستان داوە، وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و
ئەنفالکراوان بدات بە ڕێبین محەمەد مەحمودى کوڕی، تاوەکو بەشدارى کاراکردنەوەى
پەرلەمان بکات.
لەدوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا هەریەک لە پارتى سۆسیال دیموکرات
و حیزبی شیوعى و زەحمەتکێشان هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا، بەهەرسێ لایەنەکەوە کورسییەکى
پەرلەمانیان مسۆگەر کرد و ڕێبین محەمەد مەحمود بوو بە پەرلەمانتار.
میدیاکەی یەکێتی باسی لەوەشکردوە، ڕێککەوتنێکى
نوێ لە نێوان محەمەد حاجى مەحمود، سەرۆکی پارتى سۆسیال دیموکرات و کاوە
مەحمود، سکرتێرى پێشوى حیزبى شیوعى واژۆ کراوە، بە گوێرەى ڕێککەوتنەکە، سۆشیال
دیموکرات بەشداریى لەحکومەت دەکات و کەسێک لە حیزبى شیوعى دەبێت بە پەرلەمانتار.
بە گوێرەى ئەنجامەکانیش، پاش ڕێبین محەمەد، عوسمان زیندانى دەنگى دوەمى
لیستەکەیە و دەچێتە شوێنى پەرلەمانتارەکەى سۆسیال دیموکرات.
