ئاسیاسێڵ پێنج خەڵاتی جیهانی بەدەستهێنا

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 123 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، لەمیانی بەشداریكردنی لەرێوڕەسمێکی نێودەوڵەتیدا لەشاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا، توانی پێنج خەڵاتی ستیڤی® (Stevie® Awards) بۆ نایابیی تەکنەلۆژی بۆ ساڵی 2026 لە بواری ژیریی دەستکرد بەدەستبهێنێت، کە پێکهاتبون لەدوو خەڵاتی زێڕین، دوو زیو و یەک بڕۆنز.


لەرێوڕەسمەکەدا رێز لەهەوڵی تیمە داهێنەرەکانی ئاسیاسێڵ نرا بۆ سەرکەوتنیان لەبەرزکردنەوەی توانای تۆڕ، پەرەپێدانی ئیکۆسیستەمی ژیریی دەستکرد بۆ کەرتی پەیوەندییەکان و باشترکردنی ئەزمونی بەشداربووان. خەڵاتەکان بریتی بوون لە دوو خەڵاتی زێڕین بۆ "لەیلا" (یاریدەدەری ژیریی دەستکرد) و سیستەمی +CEI بۆ پێوانەکردنی ئەزموونی بەشداربووان، هاوکات پڕۆژەی "لەیلا" دوو خەڵاتی زیویشی بەدەستهێنا، لەبەشی "کۆمپانیای ساڵ – ژیریی دەستکرد"یشدا خەڵاتی بڕۆنز بەخشرایە ئاسیاسێڵ.

عامر سوناع، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاسیاسێڵ سەبارەت بەم دەستکەوتە رایگەیاند: "ئەم پێنج خەڵاتە و بەتایبەت دوو خەڵاتە زێڕینەکە، تەنیا رێزلێنان نین بۆ ئاسیاسێڵ، بەڵکو بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرن لەسەر لێهاتوویی تاکی عێراقی لەپەرەپێدانی چارەسەرەکانی ژیریی دەستکرد بەپێی پێوەرە جیهانییەکان لەژینگەیەکی پڕ لەرکابەریدا؛ ئێمە سەلماندمان کە داهێنان بۆ عێراق تەنیا هاوردە ناکرێت، بەڵکو لێرەشەوە بەرهەم دەهێنرێت".

بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتانە لەدوای پرۆسەیەکی هەڵسەنگاندنی ورد هات کە زیاتر لە 180 پسپۆڕی نێودەوڵەتی لەسەرانسەری جیهانەوە تێیدا بەشدار بون.
هاوکات ئاسیاسێڵ جەختی لەسەر ئامادەیی تەواوی خۆی کردوەتەوە بۆ خستنەڕووی خزمەتگوزارییەکانی نەوەی پێنجەم (5G) بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق، لەپاڵ بەردەوامیدان بەوەبەرهێنان لەژێرخانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرد.