شارپرێس:
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر سەرجەم ئەو هاوڵاتیانە ئاگاداردەكاتەوە كە بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن و لایڤ دەكەنەوەو دەڵێت، دەبێت لەماوەی 15 ڕۆژدا سەردانیان بكەن.
بەڕێوەبەرایەتیەكە دەشڵێت، بەمەبەستی پاراستنی دابونەریت و کەلتوری کۆمەڵایەتی، و ڕێگریکردن لە دیاردەی نەخوازراو، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر سەرجەم هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە کە لەمەودوا بەهیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکارهێنانی وشەی نەشیاو، جنێودان، سوکایەتیکردن بەیەکدی، یان بڵاوکردنەوەی وێنە و ناوەرۆکی نەگونجاو.
جەختیش كراوەتەوە، كە ئەم جۆرە ڕەفتارانە جگە لەوەی دژ بەبەهای کۆمەڵایەتین، دەبنە هۆی دروستبونی چەندین کێشەو تاوان، بۆیە هەرکەسێک سەرپێچی بکات ڕوبەڕوی لێپرسینەوەی توندی یاسایی دەبێتەوە.
لەهەمان کاتدا، ئاگاداری ئەو کەسانە دەکاتەوە کە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لایڤ ئەنجام دەدەن، پێویستە لەماوەی (15 ڕۆژ)دا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بکەن بەمەبەستی دروستکردنی دۆسیەی تایبەت و پڕکردنەوەی بەڵێننامە و وەرگرتنی ڕێنماییە فەرمییەکان.
ئەوەش دوپاتكراوەتەوە هەر کەسێک بەپێچەوانەوە پابەند نەبێت، خۆی بەرپرسیار دەبێت لەبەرامبەر یاسادا.
