شارپرێس:
سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەکان، ئەمرۆ سێشەممە، ئاشکرایان کرد کە ستێڤن فاگن، جێگری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەیامی ڕاستەوخۆی گەیاندۆتە کەسایەتییە حکوومی و سیاسییەکان، کە واشنتۆن هەنگاوەکانی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا لەنزیکەوە چاودێریی دەکات.
بەپێی سەرچاوەکان، ڤاگن هۆشداریی داوە کە پابەندنەبوون بە بەڵێنەکان و دانەنانی پلانی کرداریی بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی چەک لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت تا 30ی حوزەیرانی داهاتوو، واشنتۆن وادەکات عێراق بە دەوڵەتی پشتیوانیی تیرۆریزم دابنێت و سزا و ڕێکاری جۆراوجۆری بەرانبەر جێبەجێ بکات.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە کە ڤاگن لە کۆبوونەوەکانی ئەمدواییە لە بەغدا، جەختی لەوە کردۆتەوە تا ئێستا هەنگاوی ڕاستەقینەی بەدی نەکراوە، بە تایبەتی لەگەڵ بەردەوامبوونی هەڕەشەکانی گرووپە چەکدارەکان و هەوڵی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوەندی بەغدا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کارەکانی لیژنەی چوارلایەنەی گفتوگۆ لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان، ئاشکرای کردووە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە کۆبوونەوەی تاکەکەسی لەگەڵ هەندێک لە سەرکردەکانی ئەو گرووپانەی رەتیدەکەنەوە چەکەکانیان رادەست بکەن، دەستێوەردانی لە گفتوگۆکاندا کردووە.
بەپێی سەرچاوەکە، لیژنەکە بەردەوامە لە کۆبوونەوەکان و پێشکەوتنی باشی بەدەستهێناوە، هەروەک پابەندە بە تەواوکردنی ئەرکەکەی تا کۆتایی حوزەیرانی 2027.
لە بەرانبەردا، جووڵانەوەی ئەلوفەیا ڕایگەیاندووە چەکەکانی تەسلیم ناکات، بەڵکو ڕێککەوتنەکە تەنیا ڕێکخستن و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا لە ماوەی ئەیلوولی 2026 تا حوزەیرانی 2027 دەگرێتەوە.
جووڵانەوەی نوجەباو، کەتائیبی حیزبوڵڵا و کەتائیبی سەیدولشوهەدا و گرووپەکانی دیکەش ڕەتکردنەوەی خۆیان بۆ وازهێنان لە توانای سەربازیی ڕاگەیاندووە.