یەکێتی: دان بەدانیشتنەکەی سبەینێی پەرلەمان نانێین و هەوڵی کڕینەوەی دەنگ لەئارادیە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 323 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەفەرمی بایکۆتکردنی دانیشتنە چاوەڕوانکراوەکەی سبەینێی پەرلەمانی کوردستان رادەگەیەنێت و دەڵێت،" ئەنجامی دانیشتنەکەی هەرچییەک بێ دانی پێدا نانێینن ".


یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە،" هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئاگادارن، کە سبەینێ ٤-١١-٢٠٢٦ دەنگۆی بە نایاسایی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان هەیە، ئێمە لە باوەڕی قوڵمان بە بنەماکانی سەروەری یاسا و سازانی نیشتیمانی، پێمانوایە ئەم کۆبوونەوەیە، نا یاساییە، دوورە لە بنەماکانی شەراکەتی ڕاستەقینە و هەوڵێکە بۆ سەپاندنی فەرزی ئیرادەی لایەنێک ".

ئەوەشیخستەڕوو،" هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و تەواوی هێزە سیاسییەکان ئاگادار دەکەینەوە، کە ئێمە وێڕای بەشداریی نەکردنمان، ڕوو دەکەینە هەر دڵسۆز و هێزێکی نیشتیمانی، کە خەمی قەوارەی هەرێمی کوردستانییەتی، بەشداریی نەکات ".

یەکێتی لەڕاگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد،" بە دڵنیاییەوە کاتێک دانیشتنی پەرلەمان سەنگی دەبێت، کە سازانی نیشتمانی لەسەر بێت و هەموو لایەنە هەڵبژێردراوەکان بە ئیرادەی ئازاد و دیموکراسییانە بەشداریی تێدابکەن، چونکە ئەگەر بنەمای دیموکراسی ئەوەبێت، کە بەکڕین و هەڕەشە و فشاری دەروونی کاریگەری بخرێتە سەر بڕیارەکانی پەرلەمانتاران، ئەوە لەوچوارچێوە کارتۆنییەدا، دان بە هیچ پەرلەمان و حکومەتێک نانێین، کە دەرئەنجامی ئەو جۆرە کۆبونەوانە بێت ".