شارپرێس:
جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەپەیامێکدا ئاشكرایكرد، هۆکاری دۆڕاندنەکەیان کەمیی بەشداریی دەنگدەران نەبوە، بەڵکو خودی جەنگی ئێران، گرانی بژێوی و ناڕەزایەتی لەشێوازی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بوە.
جەی دی ڤانس، جێگری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند، هۆکاری دۆڕاندنەکەیان کەمی بەشداریی دەنگدەران نەبوە، بەڵکو خودی جەنگی ئێران، گرانی بژێوی و ناڕەزایەتی لەشێوازی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بوە، کە وایکرد دەنگدەرانی دۆناڵد ترەمپ لەساڵی 2024، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بەدیموکراتەکان بدەن.
جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەپەیامێکدا لەهەژماری فەرمی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ڕەتیکردەوە کە شکستەکە پەیوەندی بەکەمیی بەشداریی لایەنگرانی کۆمارییەکانەوە هەبوبێت و جەختی كردەوە كە،"داتاکان دەریانخست لایەنگرانی ئێمە بەژمارەیەکی زۆر چونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بۆ نمونە لەفلۆریدا جیاوازیی دەنگی کۆمارییەکان نۆ خاڵ لەپێش دیموکراتەکان بوو. کەواتە کێشەی سەرەکی ڕێژەی بەشداری نەبوو، بەڵکو کێشە بنەڕەتییەکە ئەوە بوو کە زۆرینەی ئەو کەسانەی لەساڵی 2024 دەنگیان بەترەمپ و ڤانس دابوو، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگیان بەدیموکراتەکاندا".
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەڕاپرسییەکی ناوخۆیی ورد کرد لەسەر ئەو دەنگدەرانەی پشتیان لەپارتەکەیان کردوەو هۆکاری سەرەکیی توڕەییەکەیانی گێڕاوەتەوە بۆ، کۆتاییهێنان بەجەنگی ئێران و چارەسەرکردنی تێچوی بەرزی ژیان و هەڵئاوسان و پەیڕەوکردنی ڕاستەقینەی دروشمی ئەمریکا لەپێشینەو گۆڕینی شێوازی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و ئیسرائیل.
ڤانس دوپاتی کردەوە کە دەنگدەرانی کۆماری بەهۆی ئەم چوار پرسەوە دەنگیان بەدیموکراتەکانداو دەڵێت،" هۆکاری سەرەکی دۆڕانەکەمان جەنگ بوو، تەنانەت خودی دۆناڵد ترەمپیش شەوی ڕابردوو هەمان شتی وت، ئەگەر کەسانێک هەن دەیانەوێت بڵێن ئەم جەنگە بەهای ئەوەی هەبوو کە بۆ شەش ساڵی داهاتوو کۆنترۆڵی ئەنجومەنی پیران بدۆڕێنین، با بیڵێن؛ ڕەنگە ڕازی بن یان نا، بەڵام لانیکەم ئەوە قسەیەکی ڕاستگۆیانەیە".
جەی دی ڤانس هۆشداریدا لەوەی کە لەمانگەکانی داهاتودا سیاسییە نەریتییەکان هەوڵ دەدەن بەبیانوی جۆراوجۆر، وەک پرسی لێخۆشبون بۆ کۆچبەران، لەهۆکاری سەرەکی شکستەکە ڕابکەن و وتی، هەموو کەسێک دەزانێت بۆچی دۆڕاندومانە؛ دەستپێکردنی هەر گفتوگۆیەکی ڕاستگۆیانە لەسەر ئایندە، دەبێت لەدەستنیشانکردنی ئەم ڕاستییەوە دەستپێبکات، بەڵام من هێشتا بە ئایندەی وڵاتەکەم گەشبینم؛ دەبێت ئەو توڕەییەی لەدەرئەنجامەکان دروست بوە، بکەینە وزەیەک بۆ سەرخستنی ئەو کۆمارییانەی کە هەمان تێڕوانینی شەقام و گەل بەهەند وەردەگرن".
