شارپرێس:
لەگەڵ هەڵکشانی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێکی ئاسمانیی بەربڵاو بۆ سەر ئێران، ژمارە و توانای هێزی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل جارێکی دیکە بۆتە بابەتی گرنگی لێکۆڵینەوەی سەربازیی.
ئەمریکا گەورەترین هێزی ئاسمانیی جیهانیی هەیە و تەنیا هێزی ئاسمانیی ئەمریکا نزیکەی 5,000 فڕۆکەی کارپێکراوی هەیە، کە بەسەر هێزی ئاسمانیی ئاسایی، گاردی نیشتمانیی و هێزی یەدەگدا دابەشکراون. بە زیادکردنی فڕۆکەکانی سوپا، دەریایی و هێزی دەریاییی پیادەی ئەمریکا، کۆی فڕۆکەکانی دەگاتە نزیکەی 13,000 فڕۆکە.
بەپێی هەڵسەنگاندنی دێیڤید ئەلفین، فەرماندەی پێشووی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا، لە کاتی شەڕدا ئەمریکا دەتوانێت 56 فڕۆکەی F-22 بۆ بەدەستهێنانی باڵادەستیی ئاسمانیی و 354 فڕۆکەی F-15E و F-16 و F-35 بۆ هێرش و بەرگریی ئاسمانیی بخاتە خزمەتەوە.
هەروەک ئەمریکا 140 بۆمبهاوێژی B-52 و B-1 و B-2 لە 9 پۆلدا هەیە، کە 19 دانەیان لە جۆری B-2 و تەکنەلۆژیای خۆشاردنەوە لەرادار بەکاردەهێنن. لە بواری چاودێریی و زانیاریشدا نزیکەی 272 فڕۆکەی هەیە، لەگەڵ 184 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیی MQ-9 Reaper .
ئیسرائیل بەراورد بە ئەمریکا هێزێکی ئاسمانیی بچووکترە، بەڵام ئەزموونی بەرچاوی لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی چڕدا هەیە. بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، نزیکەی 600 فڕۆکەی سەربازیی کارپێکراوی هەیە، کە فڕۆکەی جەنگیی، گواستنەوە و فڕۆکەکانی ئەرکی تایبەتی دەگرێتەوە.
هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل نزیکەی 34,000 ئەندامی چالاک و 55,000 ئەندامی یەدەگی هەیە و لە پلەبەندیی جیهانیدا لە پلەی 9 ـەم دادەنرێت.
لە ڕووی توانای ئۆپەراسیۆنییەوە، هەڵسەنگاندنەکان جیاوازن. بەپێی سیناریۆیەکی سەربازیی، ئەگەر فڕۆکەکانی ئەمریکا لە دوورگەی گوامەوە هێرش بکەن، دەتوانن ڕۆژانە 773 فڕین ئەنجام بدەن؛ بەڵام لە کاتی بەکارهێنانی بنکە سەربازییە پێشکەوتووە نزیکەکانەوە، ژمارەکە دەگاتە 1,850 فڕین.
لە شەڕی "گەردەلوولی بیابان" لە ساڵی 1991، هاوپەیمانێتیی بە ڕێبەرایەتیی ئەمریکا ڕۆژانە بە تێکڕا 2,847 فڕینی ئاسمانیی ئەنجامدا و لە ڕۆژێکدا ژمارەکەی گەیشتە 3,279 فڕین.
لەبارەی ئیسرائیلەوە، توێژینەوەیەکی ناوەندی بیگن-ساداتی ساڵی 2020 ئاماژەی بە توانای ئەنجامدانی 1,600 فڕینی شەڕیی کورتمەودا لە ڕۆژێکدا کردووە. هەروەک بەپێی توێژینەوەیەکی ئەمریکیی، لە ئۆپەراسیۆنی حوزەیرانی 2025 دژی ئێراندا، ئیسرائیل لە ماوەی 12 ڕۆژدا نزیکەی 1,500 فڕینی هێرشبەریی بە فڕۆکەی بەسەرنشین ئەنجامدا، بە تێکڕای 125 فڕین لە ڕۆژێکدا.
لەسەر ئاستی هاوکاریی نێوانیان، توێژینەوەیەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی فەرەنسا ئاماژەی بە ئەنجامدانی 19,000 فڕینی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ماوەی نزیکەی 40 ڕۆژدا و لێدانی 24,000 ئامانجی دژی ئێران کردووە.
بەڵام ژمارەی فڕۆکەکان بە تەنیا پێوەری توانای شەڕ نییە؛ چونکە چاککردنەوە و پشکنین، کۆگای سنوورداری بۆمبی وردپێک و مووشەکی دوورمەودا، سووتەمەنیپێدانی ئاسمانیی و بنکەی سەلامەت، هەموویان کاریگەرییان لەسەر بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکان هەیە.
بۆ بەراورد، لە 10ی ئازاری 1945، نزیکەی 300 بۆمبهاوێژی ئەمریکایی B-29، کۆی 1,665 تەن بۆمبی ئاگرین بەسەر تۆکیۆدا باراند و بووە هۆی مردنی نێوان 90,000 تا 100,000 کەس کە ئەم ڕووداوە بە یەکێک لە گەورەترین بۆردومانییە ئاسمانییەکانی مێژوو دادەنرێت.