شارپرێس:
وەزیری جەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، هەوڵەکانی کۆنگرێس بۆ لێپێچینەوەو دورخستنەوەی لەپۆستەکەی بەشانۆگەریی سیاسی ناودەبات.
پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا لەکۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، زنجیرەیەک لێدوانی توندو یەکلاکەرەوەی لەبارەی دەرئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گورزە ستراتیژییەکان بۆ سەر ئێران و هەوڵەکانی بەشێک لەیاسادانەرانی کۆنگرێس بۆ دورخستنەوەی لەپۆستەکەی خستەڕوو.
پیت هێگسێت، وتی، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان لەڕوی یاساییەوە تەواو ڕەوا بون. لەماوەی کەمتر لە 40 رۆژ لەجەنگی دژ بەئێران، زیاتر لە 13 هەزار ئامانجمان لە ناوخۆی ئەو وڵاتە بۆردومان کردو تەواوی کەشتیگەلی دەریایی تارانمان نوقمی دەریا کرد؛ ئێمە بەهەموو پێوەرێک سەرکەوتنێکی مێژوییمان لەئێران تۆمار کردوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆپەراسیۆنەکانی سەرەتایان دژی حوسییەکان و دواتریش دژی ئێران زەرورەتێکی ئەمنی بون؛ دەشڵێت،" ئێمە جەنگی دژی ئێران دەستپێنەکرد، بەڵکو خودی ئێران 47 ساڵ لەمەوبەر ئەم جەنگەی دەستپێکرد. ترەمپ کێشەکەی دوا نەخست، بەڵکو بڕیاری دروستیدا بۆ پاراستنی هاوڵاتییانی ئەمریکاو گورزێکی کەمەرشکێنی لەتاران دا. ئێستا توانای سەربازیی ئێران تێکشکێندراوەو گەمارۆیەکی زۆر توندیشی لەسەرە کەئامانجەکانی خۆی دەپێکێت".
جەختیشی کردەوە، سوپای ئەمریکا لەجەنگی ئێراندا توشی هیچ زیانێکی گەورە نەبوە هاوشێوەی ئەوەی لەجەنگی ڤێتنامدا ڕویدابوو، هەروەها دوپاتی کردەوە،" بەرپرسیارێتیی تەواوی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان دەگرمە ئەستۆو لەپشتیان دەوەستم، ئێمە بە هیچ شێوەیەک داوای لێبوردن لەسەر ئەوە ناکەین کە لەئێران ئەنجاممان داوە".
سەبارەت بەهەوڵەکانی کۆنگرێس بۆ لێپێچینەوە و دورخستنەوەی لەپۆستەکەی، وەزیری جەنگی ئەمریکا ئەو هەنگاوانەی بەشانۆگەرییەکی سیاسی و گاڵتەجاڕی وەسف کردو وتی، لەتەواوی مێژوی ئەمریکادا، هیچ وەزیرێکی جەنگ لەکارەکەی دورنەخراوەتەوە لەکاتێکدا وڵات خەریکی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بێت. هەوڵدان بۆ دورخستنەوەم، بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی سەربازان و فەرماندە ئەمریکییەکانە؛ ناکرێت شەڕکەرەکانمان سزا بدرێن لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی یاسایی و سەرکەوتوو.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم هەوڵە پەیامێکی تەواو هەڵە دەداتە دوژمنانی ئەمریکا، هەروەها ئەم هەنگاوەی کۆنگرێس تەنیا لەرڕق و ناکۆکیی سیاسییەوە سەرچاوەی گرتووە، نە پەیوەندی بەتاوانی گەورەوە هەیە، نەناپاکی و نەبەرتیلخۆری؛ ئەمە هەوڵی تەنیا کەسێکە کە دەیەوێت لەدواین ڕۆژەکانی لەناو کۆنگرێسدا سوود لە پێگەکەی وەربگرێت بۆ لێدانی زیان لەسەرۆک ترەمپ و لەوڵاتەکەمان.
لەبەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، پیت هێگسێت پەیامێکی ئاراستەی یاسادانەرانی سەر بەپارتەکەی لەکۆنگرێس کردو وتی، کۆمارییەکان هێشتا کۆنتڕۆڵی تەواوی کۆنگرێسیان لەدەستدایە، و پێویستە تاوەکو دەرفەت لەبارە ئەم باڵادەستییە بقۆزنەوە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر بۆ وڵات.
