شارپرێس:
ڕۆژنامەی "ڕۆیتەرز" ئاشکرای کردووە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هانی عێراق و ڤەنزوێلای داوە لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی هەناردەکارانی نەوت (ئۆپێک) بکێشنەوە، هەروەک ڕێگری لە ڤەنزوێلا کراوە پارەی ئەندامێتیی ساڵانەی ڕێکخراوەکە بدات.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، بەرپرسانی ئەمریکا داوایان کردووە هەردوو وڵات بەرهەمی نەوت و وەبەرهێنان زیاد بکەن، چونکە سنووردارکردنی بەرهەمهێنان لەلایەن ئۆپێکەوە دەتوانێت بەربەست بێت لەبەردەم ئەم ئامانجانە.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە فشارەکان بۆ کشانەوەی ڤەنزوێلا لە ئۆپێک گەیشتۆتە ئاستێک کە شاژادە محەمەد بن سەلمان، جێنشینی عەرەبستانی سعودی، هاوینی ئەمساڵ دەستی تێوەرداوە و هەوڵی داوە ئیدارەی ترەمپ لەو بڕیارە پاشگەز بکاتەوە.
لەبارەی عێراقیشەوە، دوو سەرچاوەی ئاگادار گوتوویانە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکی حکومەتیدا لە هاوینی ئەمساڵ، ئەگەری کێشانەوەی عێراقی لە ئۆپێک خستۆتە ڕوو، دوای ئەوەی بەرپرسانی ئەمریکا هانیان دابوو ئەم هەنگاوە بنێت.
بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق دژی ئەو بیرۆکەیە وەستاوەتەوە و ڕازیی کردووە زەیدی عێراق لە ڕێکخراوەکەدا بمێنێتەوە و لەبری کشانەوە، داوای بەرزکردنەوەی پشکی بەرهەمهێنانی نەوت بکات.
ئەم هەوڵانە لە کاتێکدان کە ئۆپێک لە ساڵی 2019ەوە چوار ئەندامی لەدەست داوە و پشکی لە بازاڕی جیهانیی نەوتدا بۆ ئاستێکی نزم دابەزیوە. ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو پێشتر بەهۆی ناڕەزایی لە سنووری بەرهەمهێنانەوە کشایەوە، هەروەک ئەنگۆلا، ئیکوادۆر و قەتەر لە ساڵانی 2024، 2020 و 2019دا ڕێکخراوەکەیان جێهێشت.
ئۆپێک لە بەغدا لە ئەیلوولی 1960 بە دامەزراندنی عێراق، ئێران، عەرەبستانی سعودی، کوەیت و ڤەنزوێلا پێکهات و ئێستا 11 ئەندامی هەیە. ڕێکخراوەکە هەروەک لەگەڵ چەند وڵاتێکی بەرهەمهێنەری نەوت، لەوانە ڕووسیا، هاوپەیمانیی ئۆپێک+ی پێکهێناوە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی