سەرۆ قادر: ئەوە دوو جارە ئەمریکا پشتی هەرێمی کوردستان بەربدات، پێویستە پێداچونەوە بە پەیوەندیەکانمان بکەین لەگەڵ واشنتۆن

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 727 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆ قادر ئەندامی پێشووی مەکتەبی ناوەندیی و نوسەری دیاری پارتی وتارێک بەناونیشانی (دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پێویستیی پێداچوونەوە و چاکسازی) لە بارەی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستانی بڵاوکردوەتەوەو کۆمەڵێک پرسی هەستیار دەوروژێنێت.


سەرۆ قادر لەوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە،" ئەمە بۆ جاری دوەمە کە لە دوو کەیسی دەستوری لە نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستاندا، دەوڵەتی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، پشتی عێراق دەگرێت و پشتی هەرێمی کوردستان چۆڵ دەکات، و لە هەردوو کەیسەکەشدا هەرێمی کوردستان بەناچاری پاشەکشەی پێ کراوە؛ یەکێکیان کەیسی ڕیفراندۆم لە 2017، ئەویتریان کەیسی بەناو دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی وزە و ڕێگریکردنە لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی لەلایەن عەلی زەیدییەوە ".

 هەرێمی کوردستان بەبێ ئەمەریکا دروست نەبووە، بەبێ ئەمەریکاش نەیدەتوانی بەردەوام بێت
ئەوەشیخستەڕوو،" پێویستە ئەم دوو ئەزمونە دیراسە بکرێن و لەلایەن سیاسەتمەدارانی کوردستانەوە وەکوو وانەیەکی مێژویی لەمەودوا بۆ بەڕێوەبردنی وڵات سودی لێ ببینرێت. هەرێمی کوردستان بەبێ ئەمەریکا دروست نەبووە، بەبێ ئەمەریکاش نەیدەتوانی بەردەوام بێت؛ و ئێستا لە بەرەوپێشچوونی خۆی و لە گەڕانەوەی سەقامگیریدا، دیسان بەبێ خۆسازدان لەگەڵ سیاسەتی ئەمەریکا لە ناوەڕۆکدا نەک تەنیا لە ڕواڵەتدا، دیسان ناتوانێت بەردەوام بێت، و ئەوە حەقیقەتێکە کە لەبەرچاوی ئێمەیە ".

سەرۆ قادرڤ نمونەیەکی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەهێنێتەوە و دەڵێت،" ئەم بۆنەیە تەجرەبەیەکی چەند مانگ لەمەوبەری نێوان ئیسرائیل و ئەمەریکای بەبیر هێنایەوە؛ کاتێک کە بەبێ ئاگاداریی ئیسرائیل، دۆناڵد ترەمپ جەنگی لە دژی ئێران ڕاگرت و داوای لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد ئەو فڕۆکانەى کە لە ڕێگا بون بەرەو ئێران، بۆ ئەوەی بۆردومانی بکەن، دەبێت بیگەڕێنێتەوە و ئەو بۆردومانە نەکرێت. دەوڵەتی ئیسرائیل بەخێرایی فڕۆکەکانی خۆی لە نیوەی ڕێگا گەڕاندەوە، و سەرباری ئەوەی کە ئەمە جۆرێک لە پاشەکشەپێکردن و سەرشکاندنەوەی بۆ دەوڵەت و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تێدا بوو، بەڵام بەبێ دوودڵی ئەنجامیان دا".

بەوتەی ئەو نوسەرە،" ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئیسرائیل بەبێ ئەمەریکا و بێ هاوکاریی ئەمەریکا ناتوانێت بەردەوام بێت. ئەم نموونەیە لەسەر ئێمەش دوو جار دووبارە بووەتەوە ".

ماوەی 10 ساڵە دەچێت پەرتوبڵاوی لەنێوان حزبەکانی کوردستاندا بەردەوامە
سەرۆ قادر باسی لەوەشکردوە،" بوارێکی دیکە، دەرکەوتنی ڕەوتی سیاسەتی تاکڕەوی و پۆپۆلیستیی لەناو سیاسەت لە کوردستاندا. ئەمە بۆ ماوەی 10 ساڵ دەچێت پەرتوبڵاوی لەنێوان حزبەکانی کوردستاندا بەردەوامە، و پۆپۆلیزم بۆ کۆکردنەوەی توانایی لە دەوری سیاسەتێکی شمولیدا گەیشتوەتە هەموو کون و کەلەبەری دانیشتوانی ئەم وڵاتە و سەرەنجام هیچ تەبایی و هاوکارییەکیشی لەنێوان حزبە سیاسییەکان و سیاسەتمەدارەکانی کوردستان نەهێشتەوە؛ بەتایبەتی لەنێوان دوو حزبی سەرەکیدا، بواری پێکەوەکارکردنی نەهێشت، تا گەیشتە ئەوەی کە بەر لە هەفتەیەک هەڕەشەی دروستبوونی دووهەرێمیی کوردستان لەلایەن دوو حزبەوە دەستی پێ کرد ".

تاکڕەوی و دیکتاتۆری لە هەرێمی کوردستاندا بواری گەشەکردن و مانەوەی نییە
دەشڵێت،" لەمەشیاندا دەبێت بە باشی ورد ببینەوە کە ئایا لە هەرێمێکی بێ سەروەریدا، کە بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی دەتوانێت بەردەوام بێت و پشتیوانە نێودەوڵەتییەکانیشی دەوڵەتانی دیموکراتن، دەکرێت بە حەزی تاکڕەوی و بە بردنی نیزام بەرەو شمولییەت بەردەوام بێت و سەرکەوتن بەدەست بهێنێت؟ ئەوەی کە تەجرەبە نیشانی داوە و ئەوەی کە لێکۆڵینەوەی حەقیقی پێمان دەگەیەنێت، ئەوەیە کە نەخێر، بە هیچ شێوەیەک تاکڕەوی و دیکتاتۆری لە هەرێمی کوردستاندا بواری گەشەکردن و مانەوەی نییە ".

حکومەتێکی خراپی وەکوو بەغدا توانی حکومەتی هەێم بکاتە ئامانج
پەرەسەندنی لێڵی لە بەڕێوەبردنی کوردستاندا و نەبوونی ڕوونی لە سیستەمی ئابووریدا، بەفیڕۆدانی سامانی وڵاتەکە، و پەرەسەندنی گەندەڵی بەشێوەیەکی ئەوتۆ کە نەک هەر هەموو ڕۆژێک باسی ناو کۆمەڵگای کوردستانە، بەڵکوو سەرەنجام حکوومەتێکی خراپی وەکوو بەغداش توانی بیکاتە ئامانجێک و بیکات بە سەردێڕی کەڕەتێکی دیکە بۆ لاوازکردنی دامودەزگان لە هەرێمی کوردستاندا.

بێئومێدی و بێمتمانەیی لەنێو کۆمەڵگاکە زیاتر بوە
لە لایەکی ترەوە، لە ئەنجامی سیاسەتی خراپی ئابووری و پەرتوبڵاویی سیاسی لە کوردستاندا، ئاستی ژیانی خەڵک — یان بڵێین ژیانی خەڵک — دابەزیوەتە خوارەوەی هێڵی هەژاری، واتە ئاستەکە زۆر نزم بووەتەوە. سووتەمەنی دەست ناکەوێت؛ پارە (دیناری عێراقی) زیاتر لە 100% شکاوە لە ماوەی ئەو 10 ساڵەدا؛ گرانییەکی زۆر هەیە و هاووڵاتییان تەنانەت بۆ هاتوچۆکردنیش تێچوویەکی زۆریان تووش دەبێت؛ ئەمە بڵێی یان نەڵێی، جۆرێک لە بێئومێدی و لە ناڕەزایەتی و بێمتمانەیی دیسان لەنێو کۆمەڵگاکە زیاتر دەکات.

بەبنەماڵەکردنی سیاسەت لە کوردستان یەکجار زۆر بوە
لە لایەکی دیکەوە، بەبنەماڵەکردنی سیاسەت لە کوردستاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان — واتە بە شێوەیەکی زۆر لە بنەماڵەبوون، واتە ئەو بنەماڵانەی کە دەستیان لە سیاسەتدایە لە کوردستان یەکجار زۆر بوون — وای کردووە کە جگە لە ژن و پیاوەکانی ناو بنەماڵە و دەستوپەیوەندەکانیان، هیچ کەسێکی تر لە لێهاتوو و شایستەکانی ئەم وڵاتە لە سیاسەت و بەڕێوەبردن و لە ئابووریدا ڕێگای بۆ ناکرێتەوە؛