شارپرێس:
پەیوەندییەکانی نێوان بەغداو هەولێر بەیەکێک لەهەستیارترین قۆناغەکانیدا تێدەپەڕێت، دوای ئەوەی ناکۆکییەکان لەبازنەی گفتوگۆی سیاسییو داراییەوە گواسترانەوە بۆ ڕێکاری مەیدانیو دادوەریی کە ڕاستەوخۆ دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان لەدۆسیەی نەوتو دەروازە سنورییەکاندا دەگرێتەوە.
ئەوەی ئەم قەیرانە لەقەیرانەکانی پێشوو جیادەکاتەوە، یەکگرتنی سێ هێڵی فشارە لەیەک کاتدا ئهوانیش، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، جوڵە مەیدانییەکانی عەلی زەیدیی، لەگەڵ هەڵوێستە ڕونەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کە دوێنێ هەینی پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عێراق لەسەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت، بەرەنگاربونەوەی قاچاخچێتیی نەوتو کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا ڕاگەیاند.
بڕیارە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو لەسەر بانگهێشتی فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەرییو بەپشتیوانیی ئەمریکا، کۆبونەوەیەکی یەکلاکەرەوە لەبەغدا بەڕێوەبچێت، لەکۆبونەوەکەدا هەریەک لە(نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانیو بافڵ تاڵەبانی)، لەگەڵ چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراقو سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی (لەوانە عەممار حەکیمو هادی عامری) بەشداردەبن.
چهند سهرچاوهیهكى ئاگادار لهبهغداوه بهڕۆژنامەی (عالهم جهدید)یان وتوه، "لەو کۆبونەوەیەدا ڕێککەوتن دەکرێت لەسەر ڕادەستکردنی دۆسیەی نەوت بەحکومەتی فیدراڵ،
چونی هێزی فیدراڵی بۆ پاراستنی هەر چوار دەروازە سنورییە نێودەوڵەتییەکەی هەرێم (باشماخو پەروێزخان لەسلێمانی، حاجی ئۆمەران لەهەولێرو ئیبراهیم خەلیل لەدهۆک).
بهگوێرهى نزیکترین سیناریۆ، ئەرکی گرتنەدەستی سنورەکان بەهاوبەشی دەدرێتە دوو لیوا هاوبەشەکەی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق کە لەکەرکوک، خانەقینو دەشتی نەینەوا جێگیرن.
غالب محەمەد پەرلەمانتاری فراکسیۆنی هەڵوێست، ڕایگەیاندوه، هیچ بژاردەیەک لەبەردەم حکومەتی هەرێمدا نەماوە جگە لەقبوڵکردنی بڕیارەکانی عەلی زەیدییو ملكەچبون بۆ ئەمری واقیع.
ئاشکراشیکردوه، حکومەتی عێراق بەڵگەی حاشاهەڵنەگری لەڤیدیۆی مانگە دەستکردە نێودەوڵەتییەکانو تەنانەت ژمارە هەژماری بانکیی بەرپرسانی حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی لەدەرەوەی وڵات لەبەردەستدایەو زەیدیی لەکۆبونەوەکەی سێشەممەدا ڕوبەڕوی سەرکردەکانی هەرێمی دەکاتەوە.
بەوتەی غالب محەمەد، پارتی پشتی بەفشاری ئەمریکا بەستبوو بۆ پاشگەزکردنەوەی زەیدیی، بەڵام تویتەکەی ترەمپ هەموو شتێکی یەکلاییکردەوە.
ئەو پەرلەمانتارە كورده لهبهغدا ئاماژەی بەوەشداوه، دۆسیەی دەروازە سنورییەکانی سەرتاسەری عێراق (بەهەرێمیشەوە) لەڕێگەی گرێبەستکردن لەگەڵ سێ کۆمپانیای ئەمریکی یەکلاییدەکرێتەوە تا بەڕێوەی ببەنو داهاتەکانی ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکەن.
لای خۆیەوە ئارام مەجید توێژەری کاروباری سیاسیی پێیوایە، کورد سەرجەم کارتەکانی فشاری لەدەستداوەو تویتەکەی ترەمپ وەک "هەورەبروسکە" دابەزی بەسەر سەرکردایەتیی کورددا، چونکە تا ڕۆژی هەینیش بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە واشنتۆن لەهەنگاوەکانی زەیدیی ناڕازییە.
بەبۆچونی ئەو توێژەرە، هەڵوێستە ڕاشکاوەکەی ئەمریکا وادەکات کورد ڕۆژی سێشەممە سازش بکات تا بەکەمترین زیان دەربچێتو سیناریۆی ساڵی 2017ی دوای ڕیفراندۆم دوبارەنەبێتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە هێزەکانی پاسەوانی سنور داخستنی ژمارەیەک دەروازەی نافەرمییان لەهەرێم ڕاگەیاندوە، لەوانە دەروازەکانی (سەرتەک، شوشمێو بیارە) لەگەڵ ئێرانو دەروازەکانی (وەلیدو سێماڵکا) لەگەڵ سوریا.
سەبارەت بەهەڵوێستی تارانیش، نەوزاد مستەفا توێژەری سیاسیی جەختدەکاتەوە، ئێران گەورەترین زەرەرمەندی بڕیارەکانی زەیدییە، چونکە زیاتر لە 20 دەروازەی نافەرمی لەهەولێرو سلێمانیو قەبارەی بازرگانیی ساڵانەی نێوان هەرێمو ئێران (کە دەگاتە نزیکەی پێنج ملیار دۆلار لەڕێگەی حەوت دەروازەی فەرمییەوە) شادەماری ئابوریی ئێرانن؛ بەتایبەت کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پێشتر داوای لەعێراق کردبوو زۆربەی دەروازە سنورییەکانی لەگەڵ ئێران دابخات، بۆیە پێشبینیدەکرێت ئێران هەوڵی نێوەندگیریی بدات لەنێوان هەولێرو بەغدادا.
