شارپرێس:
بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڵوێستی وڵاتەكەی لەسەر ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان راگەیاندو ئاشكراكرد، ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدان.
بەهرام قاسمی ئەمڕۆ شەممە لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی رایگەیاند "هەرێمی كوردستان بەشێكی گرنگی عێراقەو نابێت هەوڵی جیابوونەوەی لەو وڵاتە بدات".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران راشیگەیاند، هەر رێوشوێنێكی تاكلایەنە لەلایەن هەرێمی كوردستان بیگرێتە بەر بۆ پرسی ریفراندۆم، ئەوە بازدانە بەسەر دەستووری عێراقو زیانی لێدەكەوێتەوە.
ئەم هەڵوێستەی ئێران لەكاتێكدایە، رۆژی چوار شەممەی رابردوو مەسعود بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێم كۆبووەوەو رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆمیان دیاریكرد، كە ئەمە كاردانەوەی ناوخۆییو نێودەوڵەتی لێكەوتەوە.
بەهرام قاسمی جەختیشیكردەوە، ئێران هیچ پشتگیرییەكی ریفراندۆمی هەرێم ناكاتو دەبێت عێراقیش بەیەكپارچەیی بمێنێتەوە، كە ئێران بەئاشكراپشتگیری ئەوە دەكات.
هەروەها ئەوەشی راگەیاند، كە دەبێت كێشەی پێكهاتەكانی عێراق بەگفتوگۆ چارەسەربكرێتو مافی هەموو پێكهاتەكانیش وەك یەك بپارێزرێت.
پێشتر وڵاتانی توركیاو ئەمریكاو روسیاو ئەڵمانیاش بەفەرمیو لەرێگەی وەزارەتەكانی دەرەوەیان دژایەتی خۆیان بۆ ریفراندۆمی هەرێم راگەیاند، جەختیشیان لەیەكپارچەیی عێراق كردبووەوە.
هـ ـ ح