ئەمریكا پشتگیری پرۆژەكە دەكات
بەغدا بۆ رێگری لەئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم پرۆژەیەكی نوێ‌ دەخاتە بەردەم هەولێر

کوردستان

16/08/2017‌ 9256 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەغدا بۆ رێگری لەئەنجامدانی ریفراندۆمی كوردستان پرۆژەیەكی نوێی خستووەتە بەردەم هەولێرو ئەمریكاش پشتگیری پرۆژەكە دەكات.

رۆژنامەی حەیاتی لەندەنی بڵاویكردووەتەوە، بەرپرسانی عێراق پرۆژەیەكیان ئامادەكردووەو خستوویانەتە بەردەم بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، كە ئامانجی پرۆژەكە بۆ رێگرییە لەئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان.

رۆژنامەكە بڵاویشیكردەوە، ناوەڕۆكی پرۆژەكە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، كە هەلێرو بەغدا لەرێگەی گفتوگۆو رێككەوتنەوە سەرجەم كێشەكانی نێوانیان چارەسەربكەن‌و متمانە بۆ یەك بگێڕنەوە.

بەپێی رۆژنامەكە، پرۆژەكە لەلایەن ئەمریكاوە پشتگیری دەكرێت‌و بڕیاریشداوە وەك نێوەنگیر هەوڵی گەیاندنە رێككەوتنی هەردوولایەنی عێراقی‌و هەرێمی كوردستانی بدات.

هەر بەپێی رۆژنامەكە بەپرسانی عێراق، پرۆژەكەیان خستووەتە بەردەم ئەو شاندە سیاسییەی هەرێم، كە دوو رۆژە لەبەغدان‌و گفتوگۆیان لەبارەوە كردووە، بەڵام ناوەڕۆكەكەی بەتەواوی نەزانراوە.

ئەمە لەكاتێكدیە مەسعود بارزانی‌و بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێم بڕیاریانداوە رۆژی 25/9/2017 پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێم بەرێوەبەرن، كە ئەمە كاردانەوەی لایەنی عێراقی لێكەوتووەتەوەو لەگەڵ ئەنجامدانی پرۆسەكە نییە.

كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغداش چەند ساڵێكە بەردەوامی هەیە، كە كێشەی سیاسی‌و ئابوورین‌و بەردەوامیشیان هەیەو بەرپرسانی هەولێریش ئەوەیان كردووەتە بیانوو بۆ ئەوەی لەمانگی نۆ راپرسی سەربەخۆیی ئەنجامبدەن.

هـ ـ ح