كەناڵی K24: مەكگۆرك لەرازیكردنی سەركردەكانی كورد شكستیهێنا

کوردستان

16/09/2017‌ 1333 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كەناڵی K24 بڵاویكردەوە، كە برێت مەكگۆرك، نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش، لەهەوڵەكانی بۆ رازیكردنی سەركردەكانی كورد بۆ دواخستنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، كە بڕیارە لە 25/9/2017 ئەنجامبدرێت "شكستیهیناوە".

كەناڵەكە لەراپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە، كە دەركردنی بەیاننامەكەی كۆشكی سپی رۆژی هەینی پاش ئەوەی پەرلەمانی كوردستان، ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەی پەسەندكرد، بەهۆی ئەوەوە بووە، كە برێت مەكگۆرگ نەیتوانیوە سەركردەكانی كورد بەدواخستنی ریفراندۆم رازیبكات‌و لەهەوڵەكانی "شكستیهێناوە".

كەناڵەكە ئەوەشی بڵاوكردووەتەوە، بەو هۆیەوە كۆشكی سپی داوایكردووە هەرێمی كوردستان پلانی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دوابخات، چونكە بەبۆچوونی ئەوان "دەبێتە هۆی درووستبوونی لەمپەر لەبەردەم شەڕی دژی داعشدا".

لەبەیاننامەكەی كۆشكی سپی ئەوەش هاتووە، "ئەمریكا داوا لەھەرێمی كوردستان دەكات بۆ چارەسەكردنی كێشەكان دەست بە دیالۆگی جددی لەگەڵ بەغدا بكات و ئەمریكاش ئامادەیی خۆی دەربڕیوە هاوكاری هەردوولا بكات بۆ ئەنجامدانی ئەو گفتوگۆیانە".

برێت مەكگۆڕك لەرۆژی پێنج شەممە دەستی بەچەند هەوڵێك كرد بۆ ئەوەی سەركردایەتی سیاسی كورد رازی بكات بەدواخستنی ریفراندۆمی هەرێم، بۆ ئەوەش لەگەڵ مەسعود بارزانی‌و بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی تر كۆبووەوە.

لەو بارەوە مەسعوود بارزانی، رۆژی هەینی پێش كۆبوونەوەكەی پەرلەمانی كوردستان، لەكۆبوونەوەیەكی جەماوەریدا لە شارۆچكەی ئامێدی، كە بۆ پاڵپشتیكردنی ریفراندۆم سازكرابوو وتی: "بەهیچ شێوەیەك ریفراندۆم دواناخەین‌و مادام ئەوانەی داوای دواخستنی دەكەن رێز لەپرەنسیپەكانیان ناگرن‌و ئەوانەی بانگەشەی مافی مرۆڤ و دیموكراسیەت دەكەن ریز لە قوربانیانی خەڵكی كوردستان ناگرن، ئێمەیش لەرۆژی دیاریكراودا ریفراندۆم ئەنجام دەدەین و حیساب بۆ قسەی هیچ كەسێك ناكەین".

مەسعود بارزانی وتیشی: "تا ئیستا ئەو بەدیلە نەگەیشتووەتە دەستمان تا ریفراندۆم دوابخەین و داوای لە خەڵكی كوردستان كرد، گوێ بەقسە و لێدوانی میدیاكان‌ نەدەن و لە رۆژی 25/9/2017 بچنە سەر سندوقەكان".

هـ ـ ح