بارزانی: گەلی ئێمە بڕیاری خۆی داوەو لەو بڕیارەش پاشگەزنابێتەوە

کوردستان

24/09/2017‌ 450 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسعود بارزانی لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان كۆبووەوەو وێڕای نیگەرانی خۆی لەهەڵوێستی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان‌و كۆمەڵی نێودەوڵەتی رایگەیاند، گەلی ئێمە بڕیاری خۆی داوەو لەو بڕیارەش پاشگەزنابێتەوەو ڕۆژی ٢٥ـی٩ـی٢٠١٧ ڕیفراندۆم بەڕێوەدەچێت.

كۆبوونەوەكەی بارزانی‌و (یان كۆبیش) نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لەعێراق ئەمڕۆ یەك شەممە ئەنجامدراوە، كە بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە (كۆبیش) ڕایگەیاند بۆ ئەوە هاتووە دواهەنگاوەكان‌و هەڵسەنگاندنی (بارزانی) لەبارەی ڕەوشی ئێستاو دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بزانێت.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، نیگەرانی خۆی لەهەڵوێستی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند، پێچەوانەی هەموو بنەمایانە ڕەفتاریان كرد، كە لەڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان‌و خودی میساقی نەتەوە یەكگرتووەكاندا وەك مافێكی سەرەتایی بۆ گەلان چەسپاوە، كەچی بەو شێوەیە لەگەڵ خواستی گەلی كوردستان بۆ دەربڕینی ڕا لەسەر چارەنووسی خۆی، مامەڵەیان كرد.

بارزانی جەختیشی كردەوە، كە ڕیفراندۆم سادەترین مافی دیموكراسییەو دوای ئەوەش دەرگای گفتوگۆمان لەگەڵ بەغدا كراوەیە بۆ ئەوەی لەسەر سنوورو هەموو بابەتەكانی دیكە قسە بكەین‌و بەشێوەیەكی ئاشتییانەو لێكتێگەیشتن ببینە دوو دراوسێی باش.

بارزانی هەروەها رایگەیاند "كوردستان وەك پێشتر لەڕۆڵی كارای خۆی لە هاوپەیمانییەتی دژی داعش، هەروەها هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراق دژی تیرۆر، بەردەوام دەبێت‌و سیاسەتیشمان بەرانبەر حەواندنەوەی ئاوارەكان وەك خۆیەتی‌و ئەوانە برای ئێمەن‌و ئەو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەی لەنێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبییەكاندا هەیە وەكخۆی دەمێنێتەوە".

هـ ـ ح